فێرخوازانى بەشى شیکاری تاقیگەی پزیشکی سەردانی تاقیگەکانى کۆمەڵگەى پزیشکی ئەمریکی دەکەن
سەرۆکایەتى بەشى شیکارى تاقیگەى پزیشکى بەردەوامە لە ڕێکخستنى چالاکى مەیدانى و سەردانى زانستى بۆ فێرخوازانى لە قۆناغە جیاکاندا، لەو چوارچێوەیەدا فێرخوازانى قۆناغی یەکەمی بەشەکە بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر سالی خەلیل باقر، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (٢٨/١/٢٠٢٥) سەردانی تاقیگەکانی کۆمەڵگەى پزیشکی ئەمریکییان کرد.
لە میانەى سەردانەکەیاندا، پێشڕەو محمد لە کۆمەڵگەکە هاوەڵى مامۆستا و فێرخوازانى کرد، سەرەتاش ڕوونکردنەوەیەکی تێروتەسەلی لەسەر ئامێرە جۆراوجۆرەکانی ناو تاقیگەکەیان دا و، چۆنیەتی وەرگرتنی نمونە و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ نمونەکان لەناو تاقیگەدا پێشکەش بە فێرخوازان کرد. پاشان بەشەکانى تاقیگەکەیان بەسەرکردەوە؛ سەرەتاش لە ژووری وەرگرتنی خوێن و میکانیزمی کۆکردنەوەی نمونەی جیاواز لە نەخۆش دەستیان پێکرد، هاوکات فێرخوازان ئاشناى ئامێرەکانى شیکاری تاقیگەی پزیشکی کران، لەگەڵ چۆنیەتى کارکردنیان بەتایبەت لە ڕووی تەکنیک و شێوازەکانى بەکارهێنان بۆ شیکردنەوەى ئەو نمونە جیاوازانەى لە چارەسەرخوازان و نەخۆشەکان وەریان دەگرن، هاوکات لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا فێرخوازان ئامادەی پشکنینێکى کردەیی بوون لەناو تاقیگەکانی کۆمەڵگەکە.
فێرخوازانى بەشى شیکارى کیمیایی پزیشکى لەگەڵ ستافى تاقیگە و پەرستار و پزیشکان گفتوگۆیان لەسەر کۆمەڵێک بابەتى تاقیگەیی کرد بەتایبەت جۆرى پشکنینەکان و ماوەى پێدانەوەى پشکنین و چۆنیەتى وەرگرتن و هەڵگرتنى نمونەکان و میکانزەمەکانى نوسینەوەى ئەنجامى پشکنینەکان بۆ پزیشکى پسپۆڕ و ئەوانەى سەردانیان دەکەن.
.