فێرخوازانى بەشى نیوتریشن و دایەتێتکس سەردانى بنکەیەکى تەندروستى دەکەن
بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتى پشکنینەکانى خۆراکى تەندروست، فێرخوازانى بەشى نیوتریشن و دایەتێتکس سەردانى بنکەى تەندروستى شادیان لە شارى هەولێر کرد.
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٣/١١/٢٠٢١) بەسەرپەرشتى مامۆستا رەغد ئەلجومرد، فێرخوازانى قۆناغى سێیەمى بەشى نیوتریشن و دایەتێتکس سەردانى بنکەى تەندروستى شادى تایبەت بە پشکنینى هەستیاری خۆراکیان لە شارى هەولێر کرد.
مەبەستى سەرەکى گەشتە زانستیەکەى فێرخوازان بریتى بوو لە زانینی هەموو ئەو خزمەتگوزاری و پشکنینانەى پەیوەست بە خۆراک وەک شیر و هێلکە و گەنم و هەندێک جۆری میوە و سەوزەی وەک مۆز و باینجان لەو بنکەیە دەکرێ.
فێرخوازان بەوردى گوێبیستى پسپۆڕان و کارمەندەکانى بنکەکە بوون، کە باسى میکانیزمەکانى کارکردن لە تاقیگەکان و کەرەستەی تاقیگەی بەکارهێنراو و ئامێرە پزیشکییەکانیان کرد، جگە لە ڕوونکردنەوەیەکی ورد لەبارەى وردەکارى پشکنینەکان و، ڕادەی بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرە هەستیارییە لە کۆمەڵگەکەماندا، هاوکات باسى شێوازە کلاسیکیەکانى پشکنینەکان و، چۆنیەتى سوود وەرگرتن لە تەکنەلۆژیای نوێ کرا بۆ دیاریکردنی وردی هەستیاری خۆراک .
ئەم گەشتە زانستیە وەک بەشێک لە پڕۆگرامەکانى خوێندن گرنگى زۆرى بۆ فێرخوازان هەیە بەتایبەت لە ئاشناکردنیان بەچۆنیەتى و پێویستى پشکنینەکان لە تاقیگەکان بۆ هەڵسەنگاندنى خۆراکى تەندروست، بەپشت بەستن بەزانستى نیوتریشن و دایەتێتکس و زانستە پزیشکیەکانى دیکە.