فێرخوازانى بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس سەردانى بەڕێوەبەرایەتی چاودێری تەندروستی شەهیدان بۆ ڕاهێنانی پراکتیکى دەکەن
لە چوارچێوەی بەرزکردنەوەی ئاستى زانیاری ئەکادیمی و بەستنەوەی وانەکان بە بەکارهێنانی پراکتیکى لە ژینگەى کارکردن، سەرۆکایەتى بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆی جیهان – هەولێر گەشتێکى زانستى بۆ فێرخوازانى بەشەکەى بۆ بەڕێوەبەرایەتى چاودێرى تەندروستى شەهیدان بۆ ڕاهێنانى پراکتیکى ڕێکخست.
لەو گەشتە زانستیەدا، کە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (٢٢ی ١ی ٢٠٢٥)، بەسەرپەرشتی (مامۆستاى یاریدەدەری محمد محمد حسێن) بەڕێوەچوو، فێرخوازان بە گەیشتنیان بە بەڕێوەبەرایەتیەکە لەلایەن دکتۆر سەرمەند سەردار بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیەکە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، ئینجا باسى لە پشکنینە سەرەتاییەکانی تاقیگەیی و گرنگی لە چاودێری تەندروستی و خۆراکدا بۆ فێرخوازان باسکرد.
لە وێستگەیەکى دیکەى گەشتەکەیاندا، فێرخوازان ئاشناى تەواوى خوێن (CBC) و گرنگییەکەی بوون لە دەستنیشانکردنی نەخۆشیە جۆراوجۆرەکانی خوێن، لەوانە کەمخوێنی و هەوکردن و نەخۆشییەکانی تری خوێن. هەروەها تیشک خرایە سەر تاقیکردنەوەی (Lipid Profile) کە ئاستی کۆلیسترۆڵ و ترایگلیسیرید دەپێوێت، بەتایبەت گرنگییەکەی لە خۆراکی کلینیکی و کاریگەرییەکانی لەسەر تەندروستی گشتی. جگە لەوەانەش فێرخوازان لە میانەى شیکردنەوەى کارەکانى بەڕێوەبەرایەتیەکەدا زانیاری قووڵتریان سەبارەت بە تاقیکردنەوەی هۆرمۆن و ڤایرۆس بەدەستهێنا، لەگەڵ ئەوەشدا فێربوون کە چۆن هۆکارە خۆراکیەکان دەتوانن کاریگەرییان لەسەر ڕێکخستنی هۆرمۆنەکان و وەڵامدانەوەی بەرگری هەبێت. بۆ ئەو مەبەستەش سەرپەرشتیارانى تاقیگەکە لە بەڕێوەبەرایەتیەکە باسیان لە ڕۆڵی خۆراک لە کارەکانی ڕژێنی دەرەقی و کاریگەرییەکانی لەسەر ئامادەیی بۆ ڤایرۆسەکان بۆ فێرخوازان کرد.