فێرخوازانى بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس باس لە خواردنى تەندروست بۆ قوتابیانى قوتابخانەى کینگى٢ تایبەت دەکەن
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (4ی شوباتی 2025)، کۆمەڵێک لە فێرخوازانى قۆناغی سێیەم لە بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆی جیهان – هەولێر سیمینارێکی پەروەردەیییان لە قوتابخانەی کینگ ٢ ى تایبەت پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد.
ئەو چالاکیە پەروەردەییە، کە بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر تەنیا سەلام سەرۆکى بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس بەڕێوەچوو، فێرخوازان لەلایەن مامۆستا شنە ئەحمەد سەرپەرشتیاری قوتابخانە، پێشوازییان لێکرا، پاشان لە هۆڵى قوتابخانەکە سمینارەکەیان پێشکەش کرد، کە تیایدا بە وردى باسیان لە بە بنەماکانی خۆراکی تەندروست، لەوانەش ڕۆڵی ماددە خۆراکییە گەورە و بچووکەکان، گرنگی ئاوى پێویست و خاوێن بۆ جەستە، کاریگەری پرۆسێسکردنى خواردن لەسەر تەندروستی گشتی مرۆڤ کرد. فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە ڕێگەى هێنانەوەى نموونەی ژیانی ڕاستەقینە، ئامۆژگاری پراکتیکی گرنگى قوتابیانى قوتابخانەکەیان کرد بۆ ئەوەى بارى تەندروستى و جەستەییان بپارێزن، بۆ ئەو مەبەستەش جەختیان لە گرنگی خواردنی سەوزە و میوەی تازە و دانەوێڵەی تەواو و پرۆتینی تەندروست کردەوە، هاوکات کەمکردنەوەی بەکارهێنانی شەکری زیادە و چەوری ناتەندروست لایەنێکى دیکەى سمینارەکەیان بوو، بۆ ئەو مەبەستەش تیشکیان خستە سەر ئەوەی کە چۆن خۆراکى باش ئاستی وزە باشتر دەکات، ئەدای دەروونی بەرز دەکاتەوە و پشتگیری تەندروستی درێژخایەنی گشتیش دەکات.
لە کۆتاییدا سەرپەرشتیارى قوتابخانەکە دەستخۆشى لە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد و، تەوەرەکانى سمینارەکەى بە گرنگ بۆ قوتابیان وەسفکرد، چونکە بایەخدان بە تەندروستى قوتابیانى بە یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانى بوارى پەروەردە وەسف کرد.