فێرخوازانى بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس خزمەتگوزاریی تەندروستی و ڕاوێژکارییان پێشکەش بە سەردانیکەرانی فیستیڤاڵى “هەولێر ستریت بازاڕ” دەکات
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی (٢٦ی شوباتی ٢٠٢٦)، گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغەکانى یەکەم و دووەم و چوارەمى بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بەشدارییەکی کارای لە فیستیڤاڵی “هەولێر ستریت بازاڕ”دا کرد.
ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی مامۆستا (تانیا سەلام) سەرۆکی بەش و لە ڕێگەی ستاندێکی تایبەت و کارلێکەرەوە بەڕێوەچوو، کە تێیدا فێرخوازانی بەشەکە چەندین خزمەتگوزاریی تەندروستی و ڕاوێژکارییان پێشکەش بە سەردانیکەرانی فیستیڤاڵەکە کرد.
لە میانی چالاکییەکانی ئەم ڕۆژەدا، فێرخوازان خزمەتگوزاریی پشکنینی تەندروستی و هۆشیاریی خۆراکییان بۆ هاوڵاتیان دابین کرد، کە تێیدا ئامێری (InBody) بۆ هەڵسەنگاندنی پێکهاتەی جەستە بەکارهێنرا. فێرخوازان بۆ سەردانیکەرانیان ڕوون کردەوە کە چۆن ئەنجامی ئەم پشکنینانە پەیوەندییان بە کۆنتڕۆڵکردنی کێش و پاراستنی تەندروستی گشتییەوە هەیە. هەروەها، پشکنینی خێرای ڕێژەی شەکرە لە خوێن و پێوانەکردنی پەستانی خوێن بۆ هاوڵاتیان ئەنجامدا، کە ڕێگەی بە بەشداربووان دا ڕاستەوخۆ ئەنجامەکان و ڕێنماییە سەرەتاییە پێویستەکان لەسەر بنەمای باری تەندروستییان وەربگرن.
جگە لە پشکنینەکان، فێرخوازانی زانکۆ ڕاوێژکاریی خۆراکیی (Nutrition Consultation) تاکەکەسییان پێشکەش بە هاوڵاتیان کرد و وەڵامی پرسیارە زانستییەکانیان دانەوە، هاوکات پلانی خۆراکیی سادەیان بۆ بەشداربووان ئامادە کرد کە گونجاو بێت لەگەڵ شێوازی ژیان و پێداویستییە جەستەییەکانیان و ئامانجە تەندروستییەکانیان.







