فێرخوازانى بەشى پەرستارى تەندروستى کۆمەڵ خولێکى فریاگوزارى سەرەتایی بۆ پاسەوانی سنوور بەڕێوەدەبەن
بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى شارەزایی کارمەندانى پۆلیسى پاسەوانى سنور و ڕاهێنانیان لە بوارى فریاگوزارى سەرەتایی و چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخە جیاوازەکان، لە نەخۆشخانەی ئەربیلى نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو.
لەو خولەدا، کە بەهەماهەنگى نێوان وەزارەتی ناوخۆ و نەخۆشخانەى ئەربیلى نێودەوڵەتى ڕێکخرابوو، دوو فێرخوازى بەشى پەرستارى تەندروستى کۆمەڵ، کە پێکهاتبوون لە (عوسمان ڕەسوڵ عالی و ڕەشاد عیزەدین ڕەشاد) وانەکانى خولەکەیان بەشێوەیەکى سەرکەوتوو پێشکەشکرد و ڕاهێنانیان بە کارمەندانى بە پاسەوانی سنوور کرد.
لەو خولەدا، کە بۆ ماوەى پێنچ ڕۆژ بەردەوام بوو، ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتى (2025/9/14) دەستیپێکرد و تا ڕێکەوتى (2025/9/18) بەردەوام بوو، تیایدا (21) کارمەندى پاسەوانی سنوور بەشدارییان تێدا کرد و، لەلایەن فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر چەندین بابەتی سەرەکی لە بواری فریاگوزاری سەرەتاییدا پێشکەشکران لەوانە: چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ شۆک، حاڵەتەکانی نزمبوونەوە و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن (Hypotension & Hypertension)، هەروەها فێرخوازیان باسیان لە چۆنیەتی چارەسەرکردنی سووتان و شکاوی کرد، لەگەڵ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ حاڵەتەکانی نزمبوونەوەی شەکری خوێن (Hypoglycemia) و بەرزبوونەوەی شەکری خوێن (Hyperglycemia)، جگە لە ڕاهێنانی کارمەندان بەشێوەیەکى پراکتیکی لەسەر گەڕاندنەوەی سوڕی خوێن و هەناسەدان (CPR) و شیکردنەوەی دۆخی ڕزگارکردن (Recovery Position)، بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بوون لە ڕزگارکردنی ژیانی نەخۆشەکان پێش گەیشتنیان بە نەخۆشخانە و تواناکانیان لە ئەرکەکانیان لە مەیداندا بەهێز بکات.
لە کۆتایی خولەکەشدا، بڕوانامەى بەشداریکردن بەسەر یەک یەکەى بەشداربوانى کارمەندانى پاسەوانى سنور دابەشکرا.