فێرخوازانى بەشى پەروەردەی گشتی سیمینارێکیان دەربارەی تەندروستیی دەروونی لە قوتابخانەی ساڤا پێشکەش کرد
ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٩/١/٢٠٢٦)، لە چوارچێوەی هەماهەنگیی نێوان دامەزراوە ئەکادیمی و پەروەردەییەکاندا، هەریەک لە (زەهرا ئەحمەد و هودا حاجی) فێرخوازانى قۆناغی سێیەمی بەشی پەروەردەی گشتی (پسپۆڕی زمانی ئینگلیزی) لە زانکۆی جیهان-هەولێر سیمینارێکی هۆشیارییان بە ناونیشانی “تەندروستیی دەروونی لە تەمەنی مێردمنداڵیدا” لە قوتابخانەی ساڤای ئەهلی پێشکەش کرد.
سیمینارەکە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر ڕۆژان عەلی خدر بەڕێوە چوو. شاندی فێرخوازان لە لایەن ئەندازیار مستەفا قادر بەڕێوەبەری قوتابخانە و، بە ئامادەبوونی خاتوو ئیناس سەعدی و خاتوو هەورین عەبدولڕەحمان ڕاوێژکارانی پەروەردەیی پێشوازییان لێکرا، لە وتەیەکیاندا دەستخۆشییان لە ورووژاندنی ئەم بابەتە هەستیارانە کرد کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ژیانی قوتابیان هەیە لەم قۆناغەدا.
پاشان هەردوو فیرخوازى زانکۆ لە هۆڵى قوتابخانەکە ناوەڕۆکى بابەتەکەیان پێشکەش کرد و تیایدا بەزمانێکى زانستى سادە باسیان لە چەمکی تەندروستیی دەروونی، ئاڵنگارییەکانی تەمەنی مێردمنداڵی، کێشە دەروونییە باوەکان و ڕۆڵی تەواوکاریی نێوان خێزان و قوتابخانە کرد، بۆ ئەوەش جەختیان لەوە کردەوە کە هۆشیاریی دەروونی پێویستییەکی ژیانە، چونکە باری دەروونیی باش دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی نمرەی بەرزتر و سەقامگیریی سۆزداری.
لە کۆتایی سیمینارەکەدا، چەندین ئامۆژگاریی پراکتیکیان پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد بەتایبەت لە چۆنیەتى سوود وەرگرتن و بەڕێوەبردنی کات بە شێوەیەکی کاریگەر، خەوتنی پێویست و کەمکردنەوەی بەکارهێنانی مۆبایل، هەروەها جەخت کرایەوە لەسەر گرنگیی داواکردنی هاوکاری لە کەسانی پسپۆڕ لە کاتی پێویستدا.







