فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن باس لە چۆنیەتى و ماوەى بەکارهێنانى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بۆ قوتابیانى قوتابخانەى لانە ستى دەکەن
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٢٦/٢/٢٠٢٥) و، لە چوارچێوەى زنجیرە چالاکیە ڕۆشنبیرییەکانى و سەردانەکانی بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی جیهان – هەولێر بۆ ناوەندەکانی خوێندن و قوتابخانە جیاوازەکانی پارێزگای هەولێر، بە مەبەستی هۆشیارکردنەوەی قوتابیان لەسەر بەکارهێنانی ئینتەرنێت بەگشتی و پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا بەتایبەتی، بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر دڵان اسماعیل و بە بەشداری گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی دووەم، سەردانی قوتابخانەی (لانە ستی بنەڕەتی تێکەڵاو)یان کرد .
سەرەتا مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازان لەلایەن مامۆستا هاوکار حمدامین بەڕێوەبەری قوتابخانە و ستافی مامۆستایان پێشوازییان لێکرا، پاشان فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن لە قوتابخانەکەدا چالاکیەکەیان دەستپێکرد، بۆ ئەوەش سەرەتا فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن بە ووردی باسیان لە یاسا و سزای دیاریکراوی خراپ بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی کرد، هەروەها تیشکیان خستە سەر زۆر بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و مەترسییەکانی ئاڵوودەبوون بە ئینتەرنێت بەتایبەت لە بوارى پەروەردەیی و دەروونى و جەستەیی، هاوکات فێرخوازان کۆمەڵێک ئامۆژگاریی پراکتیکیان پێشکەش بە قوتابیانى قۆتابخانەکە کرد بۆ چۆنیەتى بەکارهێنانى مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، هەروەها باسى کات و ماوەى بەکارهێنان بۆ قوتابیان کرد، هانى قوتابیانیشیان دا زیاتر کاتەکانى خۆیان بۆ خوێندن و فێربوون تەرخان بکەن، تەنانەت لەو کاتەى کە ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیش بەکاردەهێنن، ئەوەش وایکرد قوتابیانى ئامادەبوو کۆمەڵێک پرسیار ئاراستەى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بکەن و، ئەوانیش وەڵامى پرسیارەکانیان دایەوە.
لە کۆتایشدا مامۆستاى یاریدەدەر دڵان اسماعیل بەناوی سەرۆکایەتى بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی جیهان-هەولێر سوپاسی بێپایانی بەڕێوەبەر و ستافی مامۆستایانی قوتابخانەکەى کرد بۆ هەماهەنگی و هاوکارییان و ڕەخساندنى ئەو دەرفەتە بۆ فێرخوازان، لە بەرانبەردا بەڕێوەبەر و ستافى قوتابخانەکە دەستخۆشى و سوپاسى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێریان کرد و، هیواى بەردەوامى ئەو جۆرە چالاکیەى لێکردن بۆ بڵاوکردنەوەى هۆشیارى لە ناو قوتابیان بەتایبەت و کۆمەڵگە بەگشتى.