فێرخوازانى بەشى کارگێڕى کار سەردانی کارگەی ئەلبان دادە دەکەن
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (2025-10-28) فێرخوازانى قۆناغی دووەمی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان – هەولێر سەردانێکی زانستییان بۆ کارگەی ئەلبان دادە لە شاری هەولێر ئەنجامدا، کە کارگەکە تایبەتە بە دروست کردنی بەرهەمە شیریەکان.
سەردانەکە بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر هێڤی محمد قادر بوو، بەگەیشتنیان لەلایەن تەنیاس ابوبکر بەرێوەبەری کارگەکە بەگەرمی پێشوازیان لێکرا، پاشان تێڕوانینێکی گشتی لەبارەی ڕەوتی کارەکانی ناو کارگەکەوە پێشکەش بە فێرخوازان کرد، پاشان هاوەڵى کردن بۆ بەسەرکردنەوەى بەشەکانى کۆمپانیاکە، لەو چوارچێوەیەشدا هەموو بەشەکانی کۆمپانیای بە فێرخوازان پیشاندا وەک بەشی بەرهەمهێنان و کارگێری و ژمێریاری و تاقیگە، بۆ ئەم مەبەستەش بەرێوەبەری کارگەکە باسی لە دوو جۆر شیر کرد، جۆری یەکەم شیری فرێشە، کە بۆ دروستکردنی ماستی فرێش و قەیماغ بەکاردێت، جۆری دووەم شیری پاودەرە، کە بۆ دروستکردنی ماستی لە قوتوکراو بەکاردێت. پاشان باسی وێستگەکانی کرد لە شارەکانی بغداد وبصرة، دواتر روونکردنەوەی بە فێرخوازان دا کە بۆ دروستکردنی بەرهەمەکان شیری گامێش و مانگا بەکاردەهێنن دواتر بە جیهاز پێوانەی PH ی ماست دروست دەکەن.
هەر لە میانەی بەسەرکردنەوەى بەشەکاندا تەنیاس ابوبکر بە فێرخوازانی راگەیاند: ڕۆژانە بە نزیکەیی ٢٥ تەن شیریان بۆ دێت لە ناو ستان ستیل پارێزگاری لە شیرەکان دەکەن لە تێکچوون، پاشان بەرهەمەکانیان بەسەر تەواوی شارەکانی عێراق دابەش دەکەن
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا؛ سامان عبدالله احمد بەرێوەبەری کارگێری کۆمپانیاکە باسی لە کاروبارە کارگێڕییەکانى کارگەکە کرد بەتایبەت لە چۆنیەتى وەرگرتنی کارمەندی نوێ و پاداشت و سزا و دەرکردنی کارمەند، پاشان بە فێرخوازانی راگەیاند: سیستمی کریستاڵ لە بەشی ژمێریاری بەکاردێنن.
گەشتە زانستیەکە بووە دەرفەتێک بۆ دەسکەوتنى وەڵامى کۆمەڵێک پرسیارى فێرخوازان لەبارەى کاروباری کارگەکە، بۆ ئەوەش مامۆستاى سەرپەرشتیارى سوپاسى ستافى کارگەکەی کرد بۆ ڕەخساندنى ئەو دەرفەتە بۆ فێرخوازان.






