فێرخوازانى بەشى یاسا نوسینگەیەکى کڕین و فرۆشتنى خانووبەرە بەسەردەکەنەوە
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (٢٢/٤/٢٠٢٥) گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی چوارەمی یاسا لە زانکۆی جیهان-هەولێر بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر سامان حەسەن عەلی، سەردانێکی مەیدانییان بۆ نوسینگەیەکى کڕین و فرۆشتنى خانووبەرەیان لە گەڕەکى ماموستایانى شارى ئەنجامدا.
فێرخوازان سەرەتا لەلایەن پارێزەرى ڕاوێژکاری ئەسکەندەر لەتیف دەرچووی بەشى یاسا لە زانکۆی جیهان-هەولێر بەگەرمی پێشوازی لێکرا. دواتر بەشێوەیەکى پراکتیکى زانیاری یاسایی لە بوارى خانوبەرە و چۆنیەتى ڕایکردنى کاروبارەکان لە دادگاکان بۆ فێرخوازان باسکرد، پاشان تیشکى خستە سەر چۆنیەتى ڕایکردنى مامەڵەکانى کڕین و فرۆشتن و بەکرێدانی خانووبەرە و، ڕێکارەکانى ئەنجامدانى گرێبەستی فرۆشتن و ئەو پرسە یاساییانەی کە پەیوەندییان پێوە هەیە، بەتایبەت ڕێکارە پێویستەکان بۆ هەردوو لایەنى فرۆشیار و کڕیار، پاشان باسى لەو ئاڵنگارى و گرفتانە کرد، کە ئەشێ دوای تەواوبوونی مامەڵەی فرۆشتن و بەکرێدان سەرهەڵبدەن، بۆ ئەوەش باسى لە چۆنیەتی چارەسەرکردنی لایەنى یاسایی ئەو جۆرە کێشە و بەربەست و ئاڵنگارییانە بۆ فێرخوازان کرد.
لە کۆتاییدا مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازان، سوپاسى پارێزەرى ڕاوێژکاریان کرد بۆ پێشکەشکردنى زانیارییە مەیدانیەکانى پەیوەست بە کاروبارى یاسایی بە کرێدان و کڕین و فرۆشتنى موڵک و خانوبەرە، کە گرنگ بوون بۆ بەرزکردنەوەی توانا پراکتیکییەکانیان و ئامادەکردنیان بۆ بازاڕی کار لە داهاتوودا.