فێرخوازانى بەشی ئەندازیاری تەلارسازی باس لە سودەکانى ئەندازیارى تەلارسازى لە بوارى پلاندانى شار دەکەن
رۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (١٢/٢/٢٠٢٥)، کۆمەڵێک لە فێرخوازانى قۆناغی دووەم لە بەشی تەلارسازی لە زانکۆی جیهان -هەولێر بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر لانە شیهاب ئەحمەد سەردانى ئامادەیی ژیارى کوڕانیان لە شارى هەولێر کرد و، لەلایەن مامۆستا فاخیر حامد لە کارگێڕی قوتابخانەکەە پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا.
پاشان هاوەڵى مامۆستا و فێرخوازانى کرد بۆ پێشکەشکردنى بابەتەکەیان کە تایبەت بوو بە ناساندنى ئەندازیارى تەلارسازى و گرنگى لە بوارى پلاندانى شار، بۆ ئەو مەبەستەش سەرەتا فێرخوازان باسى بەشی تەلارسازی لە زانکۆی جیهان -هەولێر و ئەو توانا ئەکادیمیەیان کرد، کە لە بەشەکەدا بەردەستن، جگە لەو دەرفەتە ئەکادیمی و پیشەییانەی کە دەتوانن سوودی لێ وەربگرن لەکاتی هەڵبژاردنی ئەم پسپۆڕییەدا بەتایبەت لە دۆزینەوەى دەرفەتى کار، لە بەشێکى دیکەى سمینارەکەیاندا فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بە گرنیگەوە باسیان لە ڕۆڵی تەلارسازی لە داڕشتنی شارەکان و دیزاینکردن و لایەنى جوانکاری شارەکان کرد، وەک پلاندانانی شار، دیزاینی ناوەوە و، ڕێکخستنى پڕۆژەکان بەشێوەیەکى ئەندازەیی و چەندین بابەتى دیکەى پەیوەست بە کاروبارى ئەندازیارى تەلارسازى.
سمینارەکە، بووە دەرفەتێکی ناوازە بۆ قوتابیانى ئامادەیی ژیار بۆ کارلێککردن لەگەڵ بابەتەکە و بەدەستهێنانی زانیارى ورد لەبارەى پسپۆڕی تەلارسازی و، پەرەپێدانی تواناکانیان و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیارییان لە گرنگی تەلارسازی لە بونیادنانی ئایندەیەکی گەشتر.