فێرخوازانى بەشی ئەندازیاری دیزاینی ناوخۆیی سەردانێکی زانستی بۆ قەڵای هەولێر ئەنجام دەدەن
ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتى (٧/١٠/٢٠٢٥) سەرۆکایەتى بەشی ئەندازیاری دیزاینی ناوخۆیی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، سەردانێکی زانستی مەیدانی بۆ فێرخوازانى قۆناغی چوارەم بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر ئوس ئەحمەد بۆ قەڵای هەولێری شوێنەواری و مێژویی ڕێکخست.
لەم سەردانەدا، فێرخوازان لەلایەن هەوراز موزەفەر، سەرپەرشتیاری نۆژەنکردنەوەی باڵەخانە مێژووییەکانی قەڵا، پێشوازییان لێکرا، لە وتەیەکدا دواى بەخێرهێنانى فێرخوازان بە گرنگیەوە لەو جۆرە سەردانانە ڕوانى بۆ گرنگیدانى فێرخوازان بە ڕابردوو و کەلتوور و شوێنەوارەکانی نیشتمان دەدات، پاشان هاوەڵى فێرخوازانیکرد بۆ بەسەرکردنەوەى بەشێک لە باڵەخانە مێژووییەکانی قەڵاى هەولێر، بۆ ئەوەش دواى ئەوەى ئاماژەى بە گرنگی پاراستنی ئەو شوێنەوارە مێژوییە کرد، ئینجا باسی لە پلانەکان بۆ زیندووکردنەوە و نۆژەنکردنەوەى قەڵاى هەولێر کرد، بۆ ئەو مەبەستەش باسى لە هەنگاوەکانى نۆژەنکردنەوە و چۆنیەتى نۆژەنکردنەوەى باڵەخانە شوێنەوارییەکان کرد، ئاماژەى بەوەشدا کە لە هەوڵی بەردەوام دان بۆ ئەوەی قەڵا نەک تەنها وەک مۆزەخانەیەک بمێنێتەوە، بەڵکو ببێتە ناوەندێکی زیندووی کەلتووری و فەرهەنگی و سەرچاوەی ئیلهام بۆ دیزاینەرانیش.”
لە بەشێکی تری سەردانەکەدا، فێرخوازانى ئەندازیاری دیزاینى ناوخۆیی ئاشناى ئەو ماددە بیناسازییانە کران، کە لە ڕابردوودا بەکارهاتوون، هەروەها شێوازەکانى ڕازاوەکانی ماڵە مێژووییەکان و چۆنیەتی پاراستنیان بە شێوازە نوێیەکان کە کاریگەری لەسەر بەها مێژووییەکەی دانانێت لەلایەن سەرپەرشتیارى نۆژەنکردنەوەى قەڵا بۆ فێرخوازان باسکرا.
لە کۆتاییدا، فێرخوازان لە وردتر ئاشناى بەهای تەلارسازیی و لایەنى دیزاینى خانوو و بینا کۆنەکان و شێوازەکانی نۆژەنکردنەوەیان بوون.