فێرخوازانى بەشی ئەندازیاریی تەلارسازی لە سەردانێکى زانستى بۆ ژینگەیەکى کارکردن ئەنجام دەدەن
سەرۆکایەتى بەشی ئەندازیاریی تەلارسازی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی زانستى مەیدانى بۆ فێرخوازانى قۆناغی پێنجەم بەسەرپەرشتى پرۆفیسۆر دکتۆر ڕەشید حەمید یاسین بەهاوکارى مامۆستاى یاریدەدەر لانە شەهاب ئەحمەد ڕێکخست.
لە میانەى سەردانە زانستیەکەیاندا فێرخوازان شوێنی پڕۆژە پێشنیارکراوەیان لەسەر شەقامی بازنەیی، نزیک یەکتربڕینی لەگەڵ شەقامی کۆیە لە شارى هەولێر بەسەرکردەوە، لە میانی ئەم سەردانەدا، مامۆستاى سەرپەرشتیار فێرخوازانى دابەشى سەر چوار گرووپی سەرەکی کرد، هەر گرووپێک ئەرکێکی دیاریکراوی پێسپێردرا بۆ لێکۆڵینەوە و شیکارکردن، لەو چوارچێوەیەدا ئەرکى گرووپی یەکەم تایبەت کرا بە شیکارکردنی تۆپۆگرافیا و سروشتی ڕووی زەوی پرۆژەکە، کە تێیدا فێرخوازان لایەنە جیۆفیزیکییەکانی شوێنەکەیان دەستنیشان کرد، وەک بەرزایی و نزمی، لێژی و ئاراستەی خاک، هەروەها جۆری خاک و چۆنیەتی کاریگەرییان لەسەر نەخشەسازی و جێگیرکردنی پڕۆژە تەلارسازییەکان. ئەم زانیاریانە زۆر گرنگن بۆ دیاریکردنی جۆری بناغە و پێکهاتەی گونجاو بۆ بیناکان، هەرچى ئەرکى دووەم بوو سەرنجیان خستە سەر جووڵەی هاتوچۆ و بژاردەکانی گەیشتن بە شوێنی پڕۆژەکە، بۆ ئەوەش فێرخوازان لە میانەى سەردانە زانستیەکەیاندا هەڵسەنگاندنیان بۆ قەبارەی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و پیادە لە شەقامە دەوروبەرەکاندا کرد، هەروەها خاڵە سەرەکییەکانی چوونەژوورەوە و هاتنەدەرەوەیان بۆ شوێنەکە دیاریکرد. ئەم جۆرە هەڵسەنگاندنە یارمەتیدەرە بۆ داڕشتنی سیستمێکی گواستنەوەی کارا، بەجۆرێک دیاریکردنی شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل، و دروستکردنی ڕێڕەوی گونجاو بۆ پیادە و پاسکیل سواران، بەشێوەیەک کە کەمترین کاریگەری نەرێنی لەسەر بێش و هاژو هاتوچۆی ناوچەکە دروست بکات.
لەلایەکى دیکەوە ئەرکى گرووپی سێیەم تایبەت کرا بە دیمەنە شارستانییەکانی دەوروبەری شوێنی پڕۆژەکەیان، بۆ ئەو مەبەستەش فێرخوازانى بەشى تەلارسازى لە زانکۆى جیهان-هەولێر هەڵسەنگاندنیان بۆ جۆری بینا و چالاکییەکانی دەوروبەر، وەک بینای نیشتەجێبوون، بازرگانی، یان حکومی کرد، بۆ ئەوەش فێرخوازان سەرنجیان خستە سەر بەرزیی بیناکان، شێوازی تەلارسازییان و چۆنیەتی یەکگرتنی پڕۆژە نوێیەکە لەگەڵ سیمای گشتی ناوچەکەدا، ئەوەش بە خاڵێکى گرنگ بۆ دروستکردنی دیزاینێک دادەنرێت، کە لەگەڵ دەوروبەردا بگونجێت و ناسنامەی شارستانی ناوچەکە دەوڵەمەند بکات، لە کۆتایشدا گرووپی چوارەم لە میانەى سەردانەکەدا کاریان لەسەر دیاریکردنی کاریگەرییە ژینگەییەکان کرد، بۆ ئەو مەبەستەش شیکارى ئاراستەی با، تیشکی خۆر، پلەی گەرما و شێداری ناوچەکەیان کرد، چونکە وەک مامۆستاى سەرپەرشتیار باسیکرد دیاریکردنی ئاراستەی گونجاو بۆ ڕووی بیناکان بە مەبەستی بەکارهێنانی باشترین تیشکی خۆر و کەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزە بۆ گەرمکردن و ساردکردنەوە خاڵێکى گرنگ، کە بەهۆیەوە هەڵسەنگاندنی کوالێتی هەوا و ئاستی دەنگەدەنگ و چۆنیەتی کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانیان لەسەر ژینگەی پڕۆژەکە دەکات.
لە میانەى ڕاپەڕاندنى ئەرکەکانیان، مامۆستایانى سەرپەرشتیار ڕێنمایی تیۆری و پراکتیکی پێویستیان پێشکەش بە فێرخوازان کرد بە بۆ ئەوەى شیکارێکی ورد و گشتگیر بۆ شوێنی پڕۆژەکە لە ڕەهەندە جیاکانەوە ئامادە بکەن.