فێرخوازانى بەشی بایۆمیدیکاڵ لە نەخۆشخانەی مریمانە بەشێوەیەکى مەیدانى ئاشنای نوێترین تەکنەلۆژیای تاقیگەیی دەبن
ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (٣/٢/٢٠٢٦)، فێرخوازانى قۆناغی یەکەم لە بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی زانستیی مەیدانییان بۆ بەشی تاقیگەکانی نەخۆشخانەی مریمانە ئەنجامدا. ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (محەمەد حوسێن محەمەد) بەڕێوەچوو.
شاندی فێرخوازان سەرەتا لە لایەن (دکتۆر لیزا ئەلیاس) پێشوازییان لێکرا، پاشان یاوەرى فێرخوازانى کرد لە بەسەرکردنەوەی یەکە جیاوازەکانی تاقیگەدا. لە سەرەتادا تیشکى خستە سەر گرنگیی ڕێکارە دروستەکانی وەرگرتنی نموونەی خوێن و پۆلێنکردنیان بۆ دەستەبەرکردنی وردیی ئەنجامەکان. پاشان بەشێوەیەکى مەیدانى فێرخوازانى لە نزیکەوە ئامێرە پێشکەوتووەکان کە لە تاقیگەکەدا بەکارى دەهێنن ئاشناکران، لەوانە ئامێری (Sysmex) بۆ پشکنینی گشتیی خوێن (CBC)، و ئامێرەکانی (Cobas c311 و Cobas c303) بۆ شیکاریی کیمیایی و شەکرەی کۆکراوە (HbA1c). هەروەها لە یەکەی مایکرۆبایۆلۆجی، فێرخوازان لەلایەن کارمەندانى نەخۆشخانەکە ئاشنای سیستمی (VITEK 2) بوون بۆ دەستنیشانکردنی ئۆتۆماتیکیی وردەئۆرگانیزمەکان و پشکنینی هەستیاریی دژەبەکتریاکان.
لە کۆتایی گەشتەکەدا، شێوازی کارکردنی سیستمی زانیاریی تاقیگە (LIS) بۆ تۆمارکردنی داتا و ئامادەکردنی ڕاپۆرتی کۆتایی بۆ فێرخوازانڕوونکرایەوە. مامۆستای سەرپەرشتیار سوپاس و پێزانینی زانکۆی ئاراستەی ستافی نەخۆشخانەکە کرد بۆ ئەو دەرفەتە زانستییە گرنگەی بۆ فێرخوازانیان ڕەخساند.







