فێرخوازانى بەشی تەکنیکى وێنەگرتنى تیشکى بەردەوامن لە بەسەرکردنەوەى ژینگەى کارکردن و ئاشنابوون بە کارى مەیدانى
لە چوارچێوەی پرۆگرامی پراکتیکی سەرۆکایەتى بەشی تەکنیکی وێنەگرتنى تیشکى لە زانکۆی جیهان-هەولێر و، بۆ بەستنەوەی لایەنە ئەکادیمی و بە ژینگەى کارکردن، گەشتێکى مەیدانى بۆ فێرخوازانى قۆناغی سێیەم بۆ نەخۆشخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ڕێکخست.
لە میانەى ئەو گەشتە زانستیەدا، کە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتى (٢٠/٤/٢٠٢٥) بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر عەبدولعەلیم بەڕێوەچوو، فێرخوازان لەلایەن نەڤید کەریمی ئەندامی ستافی تەکنیکی نەخۆشخانەکە پێشوازییان لێکرا، پاشان کورتەیەکى لەبارەى چۆنیەتی بەکارهێنانی ئامێری تیشکی ئێکس پۆرتەبلی سی ئارم (C-Arm) پێشکەش بە فێرخوازان کرد و ، ڕونیکردەوە کە (C-Arm) پارچەیەکی گرنگی ئامێرە لە ژوورەکانی نەشتەرگەریدا بەهۆی توانای پێشکەشکردنی وێنەی تیشکی ئێکسی ڕاستەوخۆ لە کاتی نەشتەرگەریدا بەکاردێ، پاشان فێرخوازان ڕاهێنانیان لە بارەى پێکهاتەکانی ئامێرەکە و میکانیزمی کارکردن کران، بەشێکى دیکەى ڕاهێنانەکە تەرخانکرابوو بۆ بەکارهێنانەکانی وێنەگرتنی دەنگدانەوە موگناتیسیەکان (MRI)، کە تێیدا فێرخوازان ئاشناى کاروبارەکان کران، هەر لە هەنگاوەکانی ئامادەکردنی نەخۆش، هەڵبژاردنی پرۆتۆکۆڵی گونجاو بۆ پشکنینە جۆراوجۆرەکان تا تێگەیشتن لەو پارامێتەرە فیزیاییانەی کە ئەم ئامێرە پێشکەوتووە پشتی پێدەبەستێت بۆ دروستکردنی وێنەی وردی دەستنیشانکردن.
ئەم ڕاهێنانە لە ژینگەى کارکردن بووە وێستگەیەکى گرنگ بۆ فروانکردنى ئاسۆى بیرکردنەوەى فێرخوازان و چۆنیەتى کارکردن لە ژینگەى کارکردن و چۆنیەتى بەکارهێنانى ئامێرە جۆراوجۆرەکان.