فێرخوازانى بەشی تەکنیکى وێنەگرتنی تیشکی بەشێوەیەکى پراکتیکى ڕاهێنانیان لە نەخۆشخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەستپێکرد
ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتى (٦/١٠/٢٠٢٥) گروپێک لە ژمارەیەک لە فێرخوازانى قۆناغی سێیەمی بەشی تەکنیکى وێنەگرتنی تیشکی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر نافيد عبد الكريمي سەردانى نەخۆشخانەى نێودەوڵەتی هەولێرییان کرد و، بەشێوەیەکى پراکتیکى ڕاهێنانیان بەپێى پسپۆڕییەکەیان دەستپێکرد.
فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر دواى ئەوەى لەلایەن گوڵاڵە عەبدولواحید تەکنیکاری تیشک لە نەخۆشخانەکە پێشوازییان لێکرا، ئینجا لەلایەن مامۆستاى سەرپەرشتیار و تەکنیکارى نەخۆشخانەکە ڕاهێنانەکانیان لە بوارەکە دەستپێکرد، بۆ ئەوەش سەرەتا فێرخوازان لە نزیکەى ئاشناى بنەما زانستی و تەکنیکییەکانی کارپێکردنی ئامێری تیشکی ئێکس (X-Ray machine) کران، لەو چوارچێوەیەدا تەکنیکارى تیشک لە نەخۆشخانەکە پێکهاتەکانی ئامێرەکە و کارەکانی بەشە جیاوازەکانی بۆ فێرخوازان باسکرد، وەک لوولەی تیشک، تابلۆی کۆنترۆڵ و سیستمەکانی وێنەگرتنی دیجیتاڵی. پاشان مامۆستاى سەرپەرشتیار بەشێوەیەکى پراکتیکى ڕاهێنانی بەفێرخوازان کرد بەتایبەت لەسەر چۆنیەتی ئامادەکردنی نەخۆش بۆ پشکنین، ڕێکخستنی گۆشەکانی وێنەگرتن و هەڵبژاردنی پێوەرە تەکنیکییە گونجاوەکان بۆ هەر جۆرێک لە پشکنینەکان، بەجۆرێک کە وێنەی تیشکی ورد و ڕوون بەدەست بێت.
لە کاتی ڕاهێنانەکەدا، فێرخوازانى بەشى تەکنیکى وێنەرتنى تیشکى هەلی ئەوەیان بۆ ڕەخسا مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵێک حاڵەتی نەخۆشی جۆراوجۆردا بکەن، لەوانە پشکنینی سنگ بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە و وێنەگرتنی قاچ و دەست بۆ دەستنیشانکردنی شکاندن یان برینداربوون، لەگەڵ تیشک خستنەسەر جێبەجێکردنی پێوەرەکانی سەلامەتی تیشک بۆ پاراستنی نەخۆشان و کارمەندانی تەندروستی لە کاتی پڕۆسەی وێنەگرتنەکەدا.
لەکۆتایی سەردانەکەیاندا، مامۆستاى سەرپەرشتیار سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەی نێودەوڵەتی هەولێری کرد بۆ هاوکاری و پشتگیری بەردەوامیان لە دابینکردنی ژینگەیەکی ڕاهێنانی نایاب بۆ فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر، هەروەک جەختی لەسەر گرنگى ئەو جۆرە چالاکی و ڕاهێنانانە بۆ پەرەپێدانی تواناکانی فێرخوازان و ئامادەکردنیان بۆ کارکردن بۆ بازاڕى کار کردەوە.