فێرخوازانى بەشی زمانی ئینگلیزی لە قوتابخانەیەک باس لە توندوتیژی دەروونی دەکەن
ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی (١٩/١٠/٢٠٢٥)، فێرخوازانى قۆناغی سێیەمی بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر، مروە مەحمود ئەمین، و لە چوارچێوەی چالاکییەکانی مانگی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دەروونی (تەنەمور) سەردانەى ئامادەیی لانەى ئەهلیان کرد.
بە گەیشتنیان لەلایەن مامۆستا ڕیام محەمەد، مامۆستای زمانی ئینگلیزی، بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، پاشان بابەتێکیان بە ناونیشانی “کاریگەریی توندوتیژی دەروونی (تەنەمور) لەسەر ئاستی پەروەردەیی” پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد، لە میانەى خستنەڕووى باسەکەیاندا، فێرخوازان جەختیان لەوە کردەوە کە توندوتیژی دەروونی (تەنەمور) کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی دەروونی و ئاستی خوێندنی فێرخوازان دادەنێت، چونکە زۆرجار دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ، کەمبوونەوەی متمانە بەخۆبوون و دابەزینی ئاستی ئەکادیمی.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیاندا فێرخوازان جۆرە جیاوازەکانی توندوتیژی دەروونی (تەنەمور)، کاریگەرییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی و کاریگەرییە درێژخایەنەکانی لەسەر متمانە بەخۆبوونی فێرخوازان و داهاتووی خوێندنیان خستەڕوو، هاوکات ستراتیژییەکانی خۆپارێزی و ڕێگەچارە کاریگەرەکانیشیان بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی خوێندنگەیی سەلامەتتر و گشتگیرتر تاوتوێ کرد.
لە کۆتاییدا فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ قوتابیانى قوتابخانەکە بە گفتوگۆیەکى کراوە و، وەرگرتنى سەرەنج و پرسیارەکانى قوتابیان و وەڵامدانەوەیان لەلایەن فێرخوازانى بەشى زمانى ئینگلیزى کۆتایی بە چالاکیەکە هات و، ناوەڕۆکەکەى دەوڵەمەندتر کرا.






