فێرخوازانى بەشی شیکاری تاقیگەى پزیشکى سەردانێکى زانستى بۆ تاقیگەی کۆمەڵگەی پزیشکیی کارزان ئەنجام دەدەن
ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی 2025/9/30، سەرۆکایەتى بەشی شیکاری تاقیگەى پزیشکى لە زانکۆی جیهان – هەولێر، بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر سالی خەلیل باقر، سەردانێکی زانستی بۆ فێرخوازانى قۆناغی دووەم بۆ تاقیگەی کۆمەڵگەی پزیشکیی کارزان لە شاری هەولێر ڕێکخست.
لە میانی سەردانەکەدا، هاوکار نوورەدین عەزیز پێشوازیی لە فێرخوازان کرد، پاشان ڕوونكردنەوەیەکی وردی دەربارەی تاقیگە و ئامێرە پێشکەوتووەکانی ناو تاقیگەكە پێشکەش بە فێرخوازان کرد، دواتریش بەشێوەیەکى مەدیانى گرنگیی هەر ئامێرێک لە بواری شیکاریی پزیشکیدا و ڕۆڵی لە دەستنیشانکردنی تاقیگەییدا بۆ فێرخوازان باسکرد، لەو چوارچێوەیەشدا تیشکی خستە سەر شێوازی ئەنجامدانی پشکنینی میز (Urine Analysis)، بۆ ئەوەش ووتى: سەرەتا نموونەکان وەردەگرین و دواتر بەشێوەیەکى زانستى هەڵییان دەگرێن بۆ دڵنیابوون لە وردیی ئەنجامەکان، پاشان شێوازە جیاوازەکانی پشکنینی مایکرۆسکۆپی و کیمیایی، هەروەها چۆنیەتیی خوێندنەوەی شریتە شیکارییەکان و بەراوردکردنیان بە پێوەرە ستانداردەکان بۆ نموونەکان دەکەین. لە بەشێکى دیکەى سەردان و بەسەرکردنەوە زانستیەکەدا هاوکار نوورەدین عەزیز باسی ئەو حاڵەتە باوانەی کرد کە ئەم پشکنینە دەتوانێت ئاشکرایان بکات، وەک هەوکردنی کۆئەندامی میز و تێکچوونی گورچیلە و تێکچوونەکانی مێتابۆلیزم. بۆ ئەو مەبەستە و لە نزیکەوە ئاشنابوون بە پرۆسەکان دەرفەتی بۆ فێرخوازان ڕەخساند پرۆسەی پشکنین ببینن و هەندێک لە هەنگاوەکان بە کرداری ئەنجام بدەن، ئەمەش وای کرد کە فێرخوازان تێگەیشتنێکی قووڵتریان بۆ میکانیزمی شیکارییەکە هەبێت و لایەنی تیۆری بە لایەنی کردارییەوە ببەستنەوە.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، مامۆستاى سەرپەرشتیار سوپاسی بەڕێوەبەرایەتیی تاقیگەکەی کرد بۆ هاوکاری و پێشوازیی گەرمیان، جەختی لەوە کردەوە کە چالاکیی مەیدانی لەم جۆرە هەنگاوێکی سەرەکییە لە ئامادەکردن و شیاوکردنی فێرخوازان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕی کار لە بواری پزیشکیدا.