فێرخوازانى بەشی شیکاری تاقیگەی پزیشکی سەردانی تاقیگەی پاث دەکەن
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (١٩/٢/٢٠٢٥) فێرخوازانى قۆناغی سێیەمی بەشی شیکاری تاقیگەی پزیشکی، بەسەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر محمد عومەر عەبدوڵڵا، سەردانی تاقیگەی پاثیان لە شارى هەولێر کرد، کە تایبەتە بە پشکنینی شانەکان.
لەم سەردانەدا فەردۆس زاهر کارمەندى تاقیگە ڕوونکردنەوەیەکی وردی لەسەر چۆنیەتی ئامادەکردنی نمونەی شانەکان پێشکەش بە فێرخوازان کرد، بۆ ئەوەش بەشێوەیەکى کردارى کارەکانى بۆ فێرخوازان ڕونکردەوە و، سەرەتا لە وەرگرتنی بایۆپسیەوە دەستى پێکرد، پاشان چووە قۆناغی پرۆسێسکردن و ڕەنگکردن، لە کۆتایشدا بەوردبونەوە لە ژێر مایکرۆسکۆپدا کۆتایی بەکارەکە هێنا، دواتریش بە وردی ڕوونیکردنەوەى لەبارەى چۆنیەتى کارکردنى مایکرۆتۆمەکان پێشکەش بە فێرخوازان کرد، ئەمەش دەرفەتی بە فێرخوازان دا، بەوردى لە ڕۆڵە گرنگە بکۆڵنەوە کە شانە دەیگێڕن لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییە جیاوازەکاندا.
هەر لە میانەی گەشتە زانستیەکەیاندا فێرخوازان زانیارییان لەسەر جیاوازی بەشە جیاوازەکانی تاقیگە پزیشکییە تایبەتمەندەکان بەدەستهێنا، ئەمەش وایکرد ئەم سەردانە ببێتە ئەزموونێکی زانستی دەوڵەمەند بە زانیاری بۆ فێرخوازان، هەربۆیە لە کۆتایی سەردانەکەیاندا فێرخوازان سوپاسى ستافی تاقیگەی پاثیان کرد.
.