فێرخوازانى بەشی شیکاری تاقیگەیی پزیشکی لە قوتابخانەی هەڵمەت تایبەتى کوڕان چالاکیەکى هۆشیارى بەڕێوەدەبەن
ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی 2025/10/12، بەشی شیکاری تاقیگەیی پزیشکی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (سالی خەلیل باقر)، گەشتێکی زانستی بۆ فێرخوازانى قۆناغی چوارەم بۆ قوتابخانەی هەڵمەتى تایبەت بە کوڕان لە شارى هەولێر ڕێکخست.
فێرخوازان سەرەتا لەلایەن مامۆستا (گەردۆ مەجید)، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە، پێشوازییان لێکرا، لە وتەیەکدا سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ دەستپێشخەریەکەى فێرخوازانى زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ بڵاوکردنەوەى هۆشیاری لەناو توێژی فێرخوازان و هەرزەکاران.
دواتر، لە میانی سەردانەکەدا، فێرخوازانى بەشی شیکاری تاقیگەیی پزیشکی چالاکیەکەیان دەستپێکرد، بۆ ئەو مەبەستەش سیمینارێکیان بە ناونیشانی “زیانەکانی جگەرەکێشان و مەترسییەکانی خواردنەوەکان لەسەر تەندروستی مرۆڤ” پێشکەش کرد، بۆ ئەوەش بە شێوەیەکی زانستی و وورد، باسیان لە زیانە تەندروستییەکانی جگەرەکێشان کرد، بەتایبەت ئاماژەیان بە کاریگەرییەکانی نیکۆتین و یەکەم ئۆکسیدی کاربۆنیان لەسەر کۆئەندامی هەناسە و سوڕی خوێن کرد، هەروەها ڕۆڵی ئەم ماددانە لە تەسکبوونەوەی بۆرییەکانی خوێن و لاوازکردنی کارایی دڵ و سییەکان بۆ قوتابیانى قوتابخانەکە ڕوون کردەوە و، ئاماژەیان بە پەیوەندی نێوان جگەرەکێشان و تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان، قوڕگ و میزڵدان کرد.
سەبارەت بە ماددە هۆشبەرەکانیش، فێرخوازانى بەشی شیکاری تاقیگەیی پزیشکى باسیان لە کاریگەرییە ژەهراوییەکانی لەسەر جگەر و کۆئەندامی دەمار کرد، هەروەک جەختیان لەسەر ڕۆڵی ماددە هۆشبەرەکان لە تێکدانی کارەکانی جەستە و لاوازکردنی تێگەیشتن و سەرنجدان کرد، لە کۆتایشدا ئاماژەیان بەو فاکتەرە کۆمەڵایەتییانە کرد، کە یارمەتیدەرن لە بڵاوبوونەوەی ئەو خووە نا تەندروستانە لە نێوان هەرزەکاران بەتایبەت، بۆ ئەوەش کۆمەڵێک ئامۆژگارى جیایان پێشکە بە قوتابیان کرد بۆ خۆبەدورگرتن لە جگەڕەکێشان و ماددە هۆشبەرەکان.