فێرخوازانى بەشی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی سەردانێکی زانستی بۆ دامەزراوەی (وادي الفطر) بۆ چاندنی قارچک ئەنجام دەدەن
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (28/1/2025)، فێرخوازانى قۆناغی چوارەمی بەشی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر بەسەرپەرشتى مامۆستای یاریدەدەر (هێرۆ ئیسماعیل محمد) سەردانێکی زانستییان بۆ دامەزراوەى (وادي الفطر) ئەنجامدا، کە دامەزراوەیەکی تایبەتە بە چاندنی قارچک کە دەکەوێتە شاری هەولێر.
فێرخوازان و مامۆستاى سەرپەرشتیار لەلایەن سەرگوڵ محەمەد مارف خاوەن و بەڕێوەبەری کارگەکە بەگەرمی پێشوازییان لێکرا. ئینجا ئەو ڕوونکردنەوەیەکی گشتى لەبارەى پڕۆژەکەیان پێشکەش بە فێرخوازان کرد، هەروەها باسى قۆناغەکانی کۆکردنەوەی سپۆر (الأبواغ) و تەکنیکەکانی چاندن و ئامادەکارییە پێویستیەکانى بۆ فێرخوازان کرد، هەروەها لە میانەى قسەکانیدا باسی لە چۆنیەتى دابینکردنی ژینگەیەکى گونجاو پێویستى بۆ گەشەکردنی قارچک کرد، دواتریش باسى تەکنیکەکانی دروێنە و چۆنیەتى ساخکردنەوەى بەرهەمەکانیان لە بازاڕ بۆ فێرخوازان کرد، لە ئەنجامدا سەردانەکە بووە وێستگەیەکى گرنگ بۆ فێرخوازان بەتایبەت کاتێک لە کۆتایی گەشتەکەیاندا سەردانی بەشی پاکەتکردن و هەڵگرتنی و قۆناغەکانی کۆتایی بەرهەمهێنانی قارچکیان کرد. بۆیە فێرخوازان بەخۆشحاڵیەوە باسیان لە گرنگى سەردانەکەیان کرد، کە بەهۆیەوە توانیان زانیارى گرنگ لە بارەى قارچ و چۆنیەتى بەرهەمهێنانى بەدەستبهێنن، چونکە لە بنەڕەتدا قارچک جۆرێکی خۆراکێکى گرنگە، کە بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک سەرچاوەیەکی خۆراک مرۆڤ بەکارى دەهێنێت.
لە کۆتایی سەردانەکەدا مامۆستای یاریدەدەر (هێرۆ ئیسماعیل محمد) سوپاس و پێزانینی سەرۆکایەتى بەشى مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى پێشکەش (سەرگول محمد مارف) کرد لە بەرانبەر ئەو پێشوازی گەرمە و ڕەخساندنی دەرفەتێکی بەنرخی پەروەردەیی بۆ فێرخوازانى بەشەکە.