فێرخوازانى بەشی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی هۆشیاری شێرپەنجە لە قوتابخانەکان بڵاودەکەنەوە
مانگی شوبات مانگی هۆشیاری شێرپەنجەیە، لەو چوارچێوەیەدا، فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سمینارێکى زانستییان بەناونیشانی “هۆشیاری شێرپەنجە” لە قوتابخانەی ڕۆشنبیری ئەهلی لە هەولێر پێشکەش کرد.
لەو سمینارەدا، کە ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى ٤/٢/٢٠٢٥، بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر هێرۆ ئیسماعیل محەمەد بەڕێوەچوو، سەرەتا فێرخوازن لەلایەن مامۆستا گارا عوسمان ئیسماعیل بەڕێوەبەری قوتابخانە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا و سیمینارەکەش لە هۆڵی کۆنفڕانسی قوتابخانەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە قوتابیان و مامۆستایان بەڕێوەچوو. کە تیایدا فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر سەرەتا کۆمەڵێک زانیارى گشتیان لەبارەى شێرپەنجە پێشکەشکرد، لەوانە هۆکارەکانی، شێوازەکانی دەستنیشانکردن و، ڕێکارەکانی خۆپارێزی بۆ کەمکردنەوەی هۆکارەکانى توشبوون بە شێرپەنجەییەکان، ئەمە جگە لە دوایین پێشکەوتنەکانی بواری زوو دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە، چالاکیەکە بووە هۆى بڵاوکردنەوەى هۆشیاری تەندروستی و بەرزکردنەوەی ڕۆشنبیری پزیشکی لە کۆمەڵگە بەتایبەت لە بوارى شێرپەنجە.
لە کۆتایی چالاکییەکەدا مامۆستا گارە عوسمان ئیسماعیل بڕوانامەی پێزانینی پێشکەش بە فێرخوازانی بەشى مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى کرد وەک ڕێزێک بۆ هەوڵەکانیان لە گەیاندنی زانیاری پزیشکی دروست بە شێوەیەکی زانستی و ئامانجدار بە قوتابیانى قوتابخانەکەیان. لە بەرامبەردا فێرخوازان سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی کارگێڕی قوتابخانەکە کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرم و میواندارییە، هەروەک سوپاس و پێزانینی سەرۆکى بەشی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی لە زانکۆی جیهان – هەولێریان گەیاند بەبەڕێوەبەرى قوتابخانەکە بۆ ئەم دەرفەتەی کە بەشدار بوو لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری تەندروستی لای قوتابیان.