فێرخوازانى بەشی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی لە تاقیگەی فلۆریا بەشدارى لە ڕاهێنانێکدا دەکەن
ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (٤/١١/٢٠٢٥) گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی چوارەمی بەشی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی لە زانکۆی جیهان – هەولێر سەردانی تاقیگەی فلۆریایان لە شاری هەولێر کرد، بۆ بەشداریکردن لە خولێکی ڕاهێنانی زانستی کردەیی. سەردانەکە بە سەرپەرشتی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر خواجە شەکيل ئەحمەد بەڕێوەچوو.
لە کاتی سەردانەکەدا، فێرخوازان بە گەرمی لەلایەن فریا تەیب عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری تاقیگەی فلۆریا، پێشوازییان لێکرا، پاشان کورتەباسێکى لەبارەى ئامێرە پێشکەوتووەکانی دەستنیشانکردن و شیکارکردنی تاقیگەکەیان پێشکەشى فێرخوازان کرد، پاشان دەرفەتى بە فێرخوازان دا بەشێوەیەکى کدەیی ڕاهێنانی لەسەر چۆنیەتى بەکارهێنانی ئامێرە زۆر پێشکەوتووەکان بکەن، بەتایبەت ئەوانەى لە مایکرۆبایۆلۆجی کلینیکی و دەستنیشانکردنی گەردیلەییدا بەکاردەهێنرێن، هاوکات فێرخوازان چاودێری نمایشی ئامێرە شیکارکەرە ئۆتۆماتیکییەکان، سیستمەکانی ناسینەوە و ڕێکارەکانی کۆنترۆڵی کوالیتییان کرد، کە لە تاقیگە پزیشکییە مۆدێرنەکاندا بەکاردەهێنرێن.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، پرۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر خواجە شەکيل ئەحمەد سوپاسی کارگێڕی و کارمەندانی تاقیگەی فلۆریای کرد بۆ هاوکاری و میواندارییان، جەختی لەوە کردەوە کە ئەم جۆرە پەیوەندییە پەروەردەییانە بە شێوەیەکی بەرچاو یارمەتیدەرن لە ئامادەکردنی مایکرۆبایۆلۆجیستەکانی داهاتوو بە لێهاتوویی پیشەیی و تەکنیکی پێویست.







