فێرخوازانى بەشی وەرگێڕان بە گەشتێکی زانستی قەڵای هەولێر بەسەردەکەنەوە
سەرۆکایەتى بەشی وەرگێڕان لە زانکۆی جیهان – هەولێر، گەشتێکی زانستی بۆ فێرخوازانى قۆناغی دووەم بۆ قەڵای مێژوویی هەولێر بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر فەریدون ڕەسولى ئەنجامدا.
لەمیانەى ئەوگەشتە زانستیەدا، کە ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتى (٢٨/١٠/٢٠٢٥) فێرخوازان سەردانى مۆزەخانە جیاوازەکان و ناوەندە ڕۆشنبیرییەکانی ناو قەڵاى هەولێڕیان کرد، بەتایبەت مۆزەخانەی قەڵای هەولێر و مۆزەخانەی قوماش و جلوبەرگى کوردییان بەسەرکردەوە و، لە نزیکەوە ئاشنای پارچە شوێنەوارییە مێژووییە بە نرخەکان و بەرهەمە دەستکردە نەریتییە کوردییەکان بوون. هاوکات فێرخوازان زانیارییان دەربارەی شارستانییەتە دێرینەکە و میراتی ڕۆشنبیریی و کەلتورییەکان بەدەستهێنا کە ناسنامەی هەولێریان دروستکردووە، وەک یەکێک لە کۆنترین شارەکانی جیهان کە تا ئێستاش مرۆڤی تێدا دەژی.
لە پەراوێزى گەشتەکەشدا فێرخوازانى بەشى وەرگێڕان بەزمانى ئینگلیزى گفتوگۆیان لەگەڵ میوانە ناوخۆیی و بیانییەکان کرد و، باسیان لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەگشتى و بەشى وەرگێڕان و پڕۆگرامەکانی خوێندن بەتایبەت کرد، ئەوەش بووە دەرفەتێکى گرنگ بۆ فێرخوازانبۆ پڕاکتیزەکردنی تواناکانی وەرگێڕان و پەیوەندیکردن بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و کوردی بەشێوەیەکى زیندو و واقیعى.






