فێرخوازانى بەشی وەرگێڕان سەردانی قوتابخانەی ئەدڤانس دەکەن
سەرۆکایەتى بەشی وەرگێڕان لە زانکۆی جیهان-هەولێر ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (19ی شوباتی 2025) سەردانێکی زانستی بۆ قوتابخانەی ئەدڤانس بە بەشداری گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی سێیەم و چوارەم ڕێکخست.
سەردانەکە، بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر عیماد الدین مەجید زنرنی بەڕێوەچوو، کە دواى گەیشتنیان لەلایەن مامۆستا زینە بەڕێوەبەری قوتابخانەکە پێشوازییان لێکرا، سەرەتا بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە کورتەیەکى لەبارەى قوتابخانەکەیان و سیستمى خوێندن پێشکەش بە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد، ڕونیشیکردەوە لە قوتابخانەکەیان بایەخ و گرنگى زۆر بە فێربوونى لە زمانە بیانییەکان دەدرێ بەتایبەت زمانى ئینگلیزى، هاوکات پۆلەکانى قوتابخانەکەیان و چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ قوتابیان و سیستمى وانەوتنەوە بەشێکى دیکەى قسەکانى بەڕێوەبەرەکە بوون.
هەر لە چوارچێوەی چالاکییەکانی سەردانەکەیاندا، دەرفەت بە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕەخسا بەشداری هەندێک لە وانەکانی زمانی ئینگلیزی بکەن، ئەمەش یارمەتیدەر بوو بۆ ئاشنابوون بە شێوازە مۆدێرنەکانی وانەوتنەوە و شێوازەکانی کارلێککردن لە پۆلدا. لە کۆتایی سەردانەکەدا فێرخوازان سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتى قوتابخانەکە کرد بۆ میوانداریکردنیان، جەختیان لەسەر گرنگی ئەم دەرفەتە کردارییانە کردەوە لە فراوانکردنی ئاسۆی پیشەییان.