فێرخوازانى بەشی ژمێریاری بە گەشتێکی زانستی ئاشناى سیستمى ژمێریارى کۆمپانیایەک دەکرێن.
بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربون لە سیستمى ڕایکردنى کارەکان و بەڕێوەبردنى کاروبارى ژمێریارى لە کۆمپانیا و دامەزراوە جیاکان، سەرۆکایەتى بەشى ژمێریارى لە زانکۆى جیهان-هەولێر گەشتێکى زانستى بۆ فێرخوازانى بەشەکەى ڕێکخست.
لەو گەشتە زانستیەدا، کە ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (١٨/١٢/٢٠٢٤) بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر ڕاز ئازاد جەلال بەڕێوەچوو، فێرخوازانى قۆناغى یەکەم لە شاری هەولێر کۆمپانیای (رويال الرحماني)یان بەسەرکردەوە، لەو چوارچێوەیەشدا سەرەتا بە گەرمى لەلایەن خاتوو(فريشته) بەڕێوەبەرى فرۆشتن پێشوازییان لێکرا، دواتر هاوەڵى مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازانى کرد و بەشەکانى کۆمپانیاکەیان بەسەرکردەوە، لە کاتى بەسەرکردنەوەى بەشەکاندا بەڕێوەبەرى فرۆشتن لە کۆمپانیاى (رويال الرحماني) باسى مێژوى دامەزراندنى کۆمپانیاکە و، چۆنیەتى گەشەکردنى بۆ فێرخوازان کرد، وتیشى لە ئێستادا کۆمپانیاکەمان بووەتە ناوێکی (براند)ێکى ناوماڵ لە بواری ئەلیکترۆنیدا.
لە وێستگەیەکى دیکەى گەشتە زانستیەکەیاندا، فێرخوازان لە ڕێگەى بەڕێوەبەر و کارمەندانى کۆمپانیاکە ئاشناى سیستمى ڕایکردنى کاروبارى ژمێریارى کۆمپانیاکە کران، کە ناوی “موارد”ە، بۆ ئەوەش ڕونکردنەوەى پێویستیان لەبارەى پرۆسەی وەرگرتنی پارە له كاتى فروشتنى بەرهەمەکان پێشکەش بە فێرخوازان کرد و وتیان بە دوو شێواز پارەکە وەردەگیرێت، یەکەمیان بەشێوازى (کاش)ە و، ڕێگەى دوەمیشان بەشێوەى ( كي كارد) وەردەگرن، دواتریش ڕێگە بە فێرخوازان درا گفتوگۆ لەبارەى لایەنە جیاوازەکانى کارکردنى سیستمى ژمێریارى بکەن و، بۆ ئەو مەبەستەش فێرخوازان کۆمەڵێک پرسیاریان خستەڕو، دواتریش وەڵامى پێویستى پرسیارەکانیان درایەوە.