فێرخوازانى بەشی ژمێریاری بەگەشتێکى زانستى سەردانى کۆمپانیاى (جۆین فارما) دەكەن
بەمەبەستى ئاشناکردنى فێرخوازان بەچۆنیەتى بەکارهێنانی نوێترین سیستەمی ژمێریاری، سەرۆکایەتى بەشى ژمێریاری لە زانکۆى جیهان-هەولێر گەشتێکى زانستى بۆ فێرخوازانى بەشەکەى ڕێکخست.
ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتى (٤ی ئازاری ٢٠٢٤) گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغى دووەم لە بەشى ژمێریاری بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر راز ئازاد جلال بەگەشتێکى زانستى کۆمپانیاى (جۆین فارما)يان لە شارى هەولێر بەسەركردەوە.
سەرەتا سەهەند محمد وەک ژمێریاری کۆمپانیاکە پێشوازى لە مامۆستا و فێرخوازان کرد، پاشان کورتەیەکی لەبارەی کۆمپانیاکەیان و تیمە پیشەییەکانی و، چالاکیی ڕۆژانەی بەشی ژمێریاری پێشکەش بە فێرخوازان کرد، بۆ ئەوەش باسى لە (بەراوردكردنى پارە و پسوڵە، پێداچوونەوە و لێكوڵينەوى مامەڵەکان، تۆمارکردن و پۆلێنکردنی خەرجییەکان و پێداچوونەوە بە تایم شیتەکانی کارمەندان) کرد..
دواتر فێرخوازان ئاشناى سیستەمی (ئۆدۆ) و، چۆنیەتى کارکردنى ئەم سیستەمە و چارەسەری گشتگیری بۆ پێداویستییە جۆراوجۆرەکانی ژمێریارى کران، ئەوەش ڕونکرایەوە سیستەمەکە کارایی گشتی لە بەڕێوەبردنی داراییدا باشتر دەکات، هەر بۆ ئەو مەبەستە سەهەند محەمەد ڕوونیکردەوە ئۆدۆ بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی هەموو نووسراوە بنەڕەتیەكان بۆ هەموو مامەڵە ژمێریارییەکان دروست دەکات، لەوانەش (فاکتورەی کڕیار، فەسڵی فرۆشیار، فەرمانی خاڵی فرۆشتن، خەرجییەکان و بەهادان بە کۆگا).