فێرخوازانى بەشی کارگێڕى گشتی سەردانێکی زانستییان بۆ مۆزەخانەی کەلەپووری سریانی لە شاری هەولێر ڕێکخست
سەرۆکایەتى بەشی کارگێڕى گشتی لە زانکۆى جیهان-هەولێر گەشتێکی زانستی بۆ (مۆزەخانەی کەلەپووری سریانی) لە شارى هەولێر بۆ فێرخوازانى قۆناغی چوارەم ڕێکخست.
لە میانەى ئەو سەردانە زانستیەیاندا، کە ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی (2025/10/2)، بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (راز ئازاد جەلال)، گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی چوارەمی بەشەکە بەشدارییان تێدا کرد، سەرەتا بە گەرمی لەلایەن (بێرنارد یوسف)، بەڕێوەبەری مۆزەخانەی کەلەپووری سریانی پێشوازییان لێکرا، پاشان باسى لە گرنگیی تایبەتیی مۆزەخانەکە کرد بۆ ناساندنى گەلان و میللەتان، دواتریش هاوەڵى فێرخوازانى کرد بۆ بەسەرکردنەوەى بەشە جیاوازەکانى مۆزەخانەوە و، و ڕوونکردنەوەى زیاترى لەبارەى مۆزەخانەکە پێشکەش بە فێرخوازان کرد و وتى: ئەم مۆزەخانەیە یەکەم و تەنها مۆزەخانەیە لە هەرێمی کوردستان و عێراق،کە تایبەتە بە پاراستن و نمایشکردنی کەلەپوور و کەلتوور و هونەر و فۆلکلۆری گەلی سریانی، چ مادی بێت و چ مەعنەوی.
هاوکات بەڕێوەبەری مۆزەخانەی کەلەپووری سریانی ئاماژەی بەوەشدا مۆزەخانەکەیان کۆمەڵێک جلوبەرگی نەریتی و شتومەکی کەلەپووری سریانى لەخۆگرتوە، جگە لە هۆڵی پێشانگای کەلتووری کە وێنە و ژیاننامەی دیارترین پێشەنگەکانی ڕاپەڕینی نەتەوەیی و کەلتووری سریانی تێدایە، ئەوەشى ڕونکردەوە کە مۆزەخانەکە بە شوێنی ناوازەی هەیە و دەڕوانێتە سەر (گردی قەسرى) شوێنەواری لە عەنکاوە و (کڵێسای مار گۆرگیس) ی مێژوویی، کە بە یەکێک لە کۆنترین کڵێساکانی ناوچەکە دادەنرێت.
لە کۆتایی سەردانە زانستیەکەدا مامۆستاى سەرپەرشتیار سوپاسى بەڕێوەبەری مۆزەخانەی کەلەپووری سریانی کرد، کە دەرفەتى بۆ فێرخوازانى بەشى کارگێڕى گشتى ڕەخساند و هاوڵى فێرخوازانى کرد بۆ لە نزیکەوە ئاشنابوون بە مۆزەخانەکە.
`