فێرخوازانى بەشی کارگێڕی کار هەڵمەتێکی بەرفراوان بۆ چۆنیەتى بەکارهێنانی کارەبا بەڕێوەدەبەن
بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری سەبارەت بە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کارەبا لە نێو کۆمەڵگە، ڕۆژی دوو شەممە ڕێکەوتی (3/11/2025) فێرخوازانی بەشی کارگێری کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر هەڵمەتێکی هۆشیاری گشتی بە ئامانجی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کارەبا ڕێکخست.
هەڵمەتەکە بە چاودێری پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود و، بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر هێڤی محمد قادر بەرێوەچوو، بۆ ئەو مەبەستەش سەرەتا ستافی بەش کۆمەڵێک نامیلکەیان ئامادەکرد، پاشان فێرخوازان سەردانی گەرەکی کوردستان (حی عەسکەری) یان لە شاری هەولێر کرد و دەیان نامیلکەی هۆشیارییان بە ناونیشانی “بەکارهێنانت کەم بکەرەوە، داهاتوو ڕووناک بکەرەوە” بەسەر ماڵان و کاسباران و دۆکانداران و هاوڵاتیان و ڕێبواراندا دابەش کرد، فێرخوازان لە ڕێگەى نامیلکە و پرۆشەرەکانیان باسیان لە کوژاندنەوەی ئەو گڵۆپ و ئامێرە کارەباییانەى ناو ماڵ و دوکانەکان کردەوە کە پێویست نین. هەروەها ڕوونیان کردەوە کە چۆن گۆڕانکارییە سادەکان لە خووەکانی ڕۆژانەدا دەتوانێت کاریگەری ئەرێنی بەرچاوی لە داهاتوودا هەبێت.
هەر لە میانەى هەڵمەتەکەیاندا فێرخوازان داوای کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کارەبا کرد، وەک ئەوەى فێرخوازان باسیان لێوەکرد، کەمتر بەکارهێنانى کارەبا نەک تەنها لە ڕووى داراییەوە سوود بە بەکارهێنەران دەگەێنێ، بەڵکو زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی وزە کاریگەرى نەرێنى لەسەر ژینگەش دەبێ و بەهەدەردانى سامانە سروشتییەکانیش دەبێ. هەڵمەتەکە بووە مایەى خۆشحاڵى و دەستخۆشى هاوڵاتیان و کاسبکاران و دوکاندارەکانى گەرەکەکە.







