فێرخوازانى بەشی کارگێڕی کار هەڵمەتێکی مەیدانیان بۆ هۆشیاریی پاراستنى تەندروستی جەستەیی بەڕێوەبرد
سەرۆکایەتی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (١٤/١/٢٠٢٦)، بە بەشدارى ژمارەیەک لە فێرخوازانى بەشەکە؛ هەڵمەتێکی بەرفراوانی هۆشیاریی گشتی بە ناونیشانی (هەنگاوەکانی ژیانێکی تەندروست) بەڕێوەبرد.
ئەم کەمپەینە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی تاکەکانى کۆمەڵگە سەبارەت بە گرنگیی چالاکیی جەستەیی و پەیڕەوکردنی سیستمێکی خواردنی تەندروست ڕێکخرا بوو، بۆ ئەم مەبەستە، ستافی زانستیی بەشەکە و فێرخوازان لە هەنگاوى یەکەمدا بڕۆشۆرێکی تایبەتیان ئامادە و چاپ کردبوو، کە کۆمەڵێک زانیاریی زانستی و ڕێنمایی پراکتیکیی لەبارەی وەرزشە ڕۆژانەکان (وەک ڕۆیشتن و ڕاکردن)، هەڵبژاردنی خۆراکی گونجاو و گۆڕینی خووە زیانبەخشەکان لەخۆگرتبوو.
لە هەنگاوى دووەمى چالاکیەکەیاندا و بەشێوەیەکى مەیدانیی، تیمێکی فێرخوازان بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (هێڤی محمد قادر)، سەردانی پارکی سامی عەبدولڕەحمانیان لە شاری هەولێر کرد. لەوێدا، لە نزیکەوە لەگەڵ هاووڵاتیان و وەرزشەوانانی ناو پارکەکە گفتوگۆیان ئەنجامدا و بڕۆشۆرە هۆشیارییەکانیان بەسەردا دابەش کردن.
فێرخوازان لە میانەى کەمپەینەکەیاندا جەختیان لە باشترکردنی شێوازی ژیانی تاک و خۆشگوزەرانی گشتی کردوە، هەروەها ئاماژەیان بەوە کرد کە زانکۆی جیهان-هەولێر هەمیشە هەوڵ دەدات پەیامی زانستی و مرۆیی بگەیەنێتە نێو جەرگەی کۆمەڵگە.







