فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەسەرکەوتویی کۆرسێکى خوێندنیان لە پۆڵندا تەواو کرد
سەلمان مەرهەم محەمەد فێرخوازى بەشى (پەرستارى تەندروستى کۆمەڵ) لە زانکۆى جیهان-هەولێر، یەکێک بوو لەو فێرخوازانەى کە لە چوارچێوەى پرۆگرامى ئاڵوگۆڕى فێرخوازان، لەسەرەتاى ساڵى خوێندنى (٢٠٢٤-٢٠٢٥) گەیشتە پۆڵندا بۆ دەستپێکردنى کۆرسێکى خوێندن لە زانکۆى وارشۆ بۆ زانسته زیندووهكان (Warsaw University of Life Sciences).
بۆ ئەو مەبەستەش دواى بەشداریکردن لە چەند وانە و بابەت و ڕاهێنانى جۆراوجۆر لە بوارى پسپۆڕییەکەى، ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٦/٢/٢٠٢٥)، تاقیکردنەوەکانی کۆتایی کۆرسەکەى بەسەرکەوتوویی ئەنجامدا، لەبارەى تاقیکردنەوەکە ئەو فێرخوازەى زانکۆى جیهان-هەولێر وتى: تاقیکردنەوەکان بریتى بوون لە هەڵسەنگاندنى ئاستى زانیاری تیۆری و کارامەیی پراکتیکی، وتیشى ئەم گەشتە ئەکادیمیە بۆ من بریتى بوو لە ئەزمونێکى تایبەت، چونکە بناغەى دەرفەتێکى دیکەى بۆ داهاتووم دانا و بەو هیوایەشەوە نەخشەڕێى ژیانى ئەکادیمیم باشتر دیار کرد.
پرۆگرامى ئاڵوگۆڕى فێرخوازان کە زانکۆى جیهان-هەولێر لە چوارچێوەى واژۆکردنى ڕێککەوتنامە و لێکتێگەیشتنەکانى لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوە زانستیەکان جەختى لەسەر دەکاتەوە، ڕێگەیەکى گرنگە بۆ گەشەکردنی لایەنى پیشەیی و پەرەپێدانى توانا ئەکادیمیەکان و فراوانکردنى بازنەى پەیوەندییەکانى فێرخوازان، ئەم فێرخوازەش دوپاتیکردەوە، بەو ئەزمونەى لەو وێستگەیەى ژیان بەدەستم هێناوە، دەمەوێ لە گەڕانەوەم بەشداریەکى کار لە داهاتوو بواری پەرستاری تەندروستی کۆمەڵ و خزمەتکردنى کۆمەڵگە و تاکەکان بکەم.