فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە زانکۆى وۆچ لە پۆڵندا کۆمەڵێک چالاکى زانستى بەڕێوەدەبەن
فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە زانکۆى وۆچ (University of Lodz) لە پۆڵندا لە چوارچێوەى تەواوکردنى کۆرسێکى خوێندن لەو وڵاتە؛ کۆمەڵێک چالاکى زانستى جۆراوجۆر ئەنجامد دەدەن.
بۆ ئەو مەبەستە هەریەک لە ڕەیا ئەمیر عبدالجبار و سیدرا نیهاد اسحق عیسى فێرخوازانى قۆناغى سێیەم لە بەشى (کارگێڕى کار) بەسەرپەرشتى پڕۆفیسۆر دکتۆر و.پۆپچیک (Prof. W. Popczyk) بابەتێکیان لەبارەى داهێنانی دیزاینى بەرهەمێک پێشکەشکرد کە بیرۆکەکەی لە بازاڕدا نەبوو، بۆ ئەوەش فێرخوازان باسیان لەلایەنە جیاکانى پڕۆژەکەیان و پێویستیەکانى باسکرد. لەلایەکى دیکەوە ئەو فێرخوازانە بەسەرپەرشتى پڕۆفیسۆر دکتۆر ڤی.یاکوبیڤ (Prof. V. Yakubiv) بەڕێگەى ئۆنلاین بابەتێکیان لەبارەى گرنگترین پایە و ستراتیژییەکانی هەریەک لە کوردستان و عێراق پێشکەشکرد، بۆ ئەوەش نموونەیان بە کۆمەڵێک کەسایەتى و پڕۆژەى ستراتیژى هێنایەوە، کە توانیویانە لە کارەکانیاندا سەرکەوتوو بن. بەهەمان شێوە ئەم دوو فێرخوازەى زانکۆى جیهان-هەولێر بەسەرپەرشتى پڕۆفیسۆر دکتۆر سی.میرالێس (Prof. C. Miralles) لە بابەتى ئاکارى بازرگانى بابەتێکى هاوبەشیان لە بارەى پایەکى پیشە و ئاکارى بازرگانى پێشکەشکرد، بۆ ئەوەش نمونەیان بە کارکردنى منداڵان لەم سەردەمەدا هێنایەوە، کە لە چوارچێوەى ئاکارى بازرگانیدا ڕێگەپێدراو نیە.
لەلایەکى دیکەوە؛ هەریەک لە ڕەیا ئەمیر عبدالجبار و سیدرا نیهاد اسحق عیسى، کە لە ئێستادا لە لە زانکۆى وۆچ (University of Lodz) دەخوێنن، لە چەند ڕۆژى ڕابردودا سەردانى وارشۆ پایتەختى پۆڵندایان کرد، لە میانەى سەردانەکەیاندا چەندین شوێنی دێرین و ناوچەى کەلتوریان بەسەرکردەوە، لەوانە کۆشکی ڕۆشنبیری و زانست، کە بریتییە لە باڵەخانەیەکى دیار و بەرزییەکەى دەگاتە (٢٣٧) مەتر و، دەکەوتە ناوەندی شاری وارشۆ لە پۆڵەندا و، بە دووەم بەرزترین باڵەخانە لە (دوای تاوەری وارشۆ) دادەنرێت، پاشان سەردانی مۆزەخانەی کۆشکی شا جۆن سێیەمیان کرد ،کە لە ساڵی (١٨٠٥) بونیادنراوە و، یەکێکە لە مۆزەخانە دێرینەکانی پۆڵەندا.