فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە شارى وارشۆ بەشدارییان لە چالاکیەکى مەدەنى تایبەت بە پشتگیریکردن لە ڕۆژئاواى کوردستان کرد
لە درێژەی چالاکییە مەدەنی و مرۆییە نێودەوڵەتییەکاندا، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر، کە لە چوارچێوەى پرۆگرامى ئاڵوگۆڕى فێرخوازان لە زانکۆی وارشۆ بۆ زانسته زیندووهكان (Warsaw University of Life Sciences) لە وڵاتی پۆڵەندا کۆرسێکى خوێندنیان تەواوکرد، بەشدارییان لە چالاکیەکى مەدەنى تایبەت بە پشتگیریکردن لە ڕۆژئاواى کوردستان کرد.
هەریەک لە فێرخوازان (إبراهيم زكي محمد صالح) فێرخوازى قۆناغى دووەم لە بەشى چارەسەرى سروشتى، (مروان محمد أحمد) فێرخوازى قۆناغى دووەم لە بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس، ڕۆژى هەینى ڕێکەوتى (٣٠/١/٢٠٢٦) لە شاری وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا بە بەرزکردنەوەى ئاڵاى کوردستان و دروشمى “ڕۆژئاوای ئازاد – مارش بۆ ئاشتی و ئازادی” (Free Rojava – March for Peace and Freedom) ، بەشدارییان لە چالاکیەکى هێمنانە و مەدەنی کرد. ئەم چالاکییە لە بەردەم باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستی پێکرد و بەرەو بینای وەزارەتی دەرەوەی پۆڵەندا بەڕێکەوت، بە مەبەستی گەیاندنی پەیامی ئاشتی و داواکردنی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە ڕۆژئاواى کوردستان.
هاوکات لە چالاکیەکەدا؛ ژمارەیەکی بەرچاو لە فێرخوازانی زانکۆ نێودەوڵەتییەکان و دانیشتوانی شاری وارشۆ لە پێکهاتە و کەلتوورە جیاوازەکان بەشدارییان تێدا کرد. بەشداربووان بە یەکدەنگی جەختیان لەسەر بەها مرۆییە گشتگیرەکان و هاوسۆزیی نێودەوڵەتی لەگەڵ ڕۆژئاواى کوردستان کردەوە، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی گیانی پێکەوەژیان و پشتگیریکردنی دۆزی ئاشتی بوو لەسەر ئاستی جیهانی. چالاکییەکە وەک سەکۆیەکی مەدەنی کاریگەر بوو بۆ گەیاندنی دەنگی ئازادیخوازان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ بە ناوەندە بڕیاربەدەستە دیپلۆماسییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە پاڵ تەواوکردنى کۆرسێکى ئەکادیمى لەو وڵاتە چەندین چالاکى جۆراوجۆریان ئەنجامدا، بەشداریکردنیشیان لەو چالاکیە مەدەنیە دوپاتکردنەوەى پشتگیرییە بەرامبەر بە پرسەکانی مافی مرۆڤ و دروستکردنی دیالۆگی نێوان کەلتوورەکان، هەر ئەوەش بووە دەرفەتێکی گرنگ بۆ دەربڕینی بیروڕا بە ڕێگەی ئاشتییانە و گەیاندنی پەیامی مرۆیی بە شێوازێکی شارستانی و، پەرەپێدانی هەستی بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی کاری بەکۆمەڵ لە نێوان فێرخوازان، چونکە چالاکییە جەختی لەسەر گرنگیی هاوسۆزیی نێودەوڵەتی کردەوە وەک ئامرازێکی کاریگەر بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژئاواى کوردستان و جیهاندا.







