فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە پۆڵندا بەبەشداریکردن لە چالاکیە کەلتورى و وەرزشیەکان کارەکانیان دەستپێکرد
دواى ئەوەى لە چەند ڕۆژى ڕابردودا، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لەلایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەرەو پۆڵندا بەڕێکەوتن، بەگەیشتنیان بەزانکۆى لۆدز لەو وڵاتە چالاکیەکانیان دەستپێکرد.
لە ڕۆژى یەکەمى چالاکیەکەیاندا، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر و مامۆستایانى سەرپەرشتیار بەشداریان لە فیستیڤاڵى کەلتورى و شارستانى وڵاتانى ئەوروپایان لە پۆڵندا کرد، بۆ ئەو مەبەستە فێرخوازان لە نزیکەوە ئاشناى کەلتور و مۆسیقا و هونەر و جلوبەرگ و گۆرانى خواردنى ئەو نەتەوە جیایانەى ئەوروپا بوون، کە لە پۆڵندا نیشتەجێن، ئەوەش بووە مایەى خۆشحاڵى و ئاوێتەبونى فێرخوازان بەکەلتور و کەلەپورى ئەو گەلانە.
لەلایەکى دیکەوە و، هەر لە یەکەم ڕۆژى چالاکیەکاندا؛ فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشداریان لە چالاکیەکى وەرزشى یارى بالە کرد، بۆ ئەو مەبەستەش فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ فێرخوازانى بەشداربوو لە زانکۆکانى وڵاتانى (تورکیا، ئۆکرانیا، بەڕازیل) دابەشى سەر دوو تیم بوون و، پێکەوە چەند یاریەکى دۆستانەیان ئەنجامدا، یاریەکەش بووە هۆکارێک بۆ تێکەڵابون و لە نزیکەوە ئاشنابون بەکەلتورى یەکتر.
لەبەر ڕۆشنایی خاڵ و بڕگەکانى ڕێککەوتنامە هاوبەشەکانى نێوان زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ زانکۆى لۆدز لە پۆڵندا و، لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕی زانستى و بەشداریکردن لە خولى ڕاهێنان؛ لە چەند ڕۆژى ڕابردودا، زانکۆی جیهان-هەولێر (١٧) فێرخواز و هاوکات دوو مامۆستاى ڕەوانەى زانکۆى لۆدز کرد، واش بڕیارە بۆ ماوەى (٢) هەفتە لەو وڵاتە بمێننەوە، لەو ماوەیەشدا بەشدارى لە چەند کۆرسێکى ڕاهێنان تایبەت بەگۆڕانى کەش و هەوا دەکەن و لەگەڵ بەشداریکردن چەند چالاکیەکى دیکەى زانستى و کەلتورى و وەرزشى.