فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە پۆڵندا سەردانی مۆزەخانەی گەشتیارى وەرزشییان کرد
لە بەردەوامى بەسەرکردنەوەى ناوچە گەشتیارییەکان و بەسەرکردنەوەى مۆزەخانەکان و ئاشنابوون بەلایەنە جیاوازەکانى ژیان لە وڵاتەکە؛ لە وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر مۆزەخانەى گەشتیارى وەرزشى (Muzeum Sportu i Turystyki w Warszawie)یان بەسەرکردەوە.
ڕۆژى شەممە ڕێکەوتى (١٤/١٢/٢٠٢٤) هەریەک لە موجتەبا سەباح عبدالحسن لە بەشى (نیوتریشن و دایەتێتیکس) و پەیوەند پشتیوان پوشۆ لە بەشى (شیکاریی تاقیگەى پزیشکی) فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە میانەى بەسەرکردنەوەى بەشەکانى مۆزەخانەکەدا ئاشناى زۆر کەسایەتی وەرزشی پۆڵەندیی بوون، کە دەستکەوتی جیهانییان بەدەستهێنا و بەشدارییان لە بەهێزکردنی پێگەی پۆڵەندا لە گۆڕەپانی وەرزشی نێودەوڵەتیدا کرد، جگە لەوەش لە نزیکەوە ئاشناى کۆمەڵێک ئامێر و کەلوپەل و یارى وەرزشى بوون، کە بە درێژاى ساڵانى ڕابردوو لە وڵاتەکەدا بەکارهاتوە و، چالاکى جیاوازى وەرزشیان پێ ئەنجامداوە، فێرخوازان دواى بەسەرکردنەوەى بەشە جیاکانى مۆزەخانەکە بە قووڵی لە گرنگی پێگەى وەرزش لە بونیاتنانی ناسنامەی نیشتمانی و بەرزکردنەوەی لێکتێگەیشتنی کەلتووری لە نێوان گەلان و بایەخپێدانى پۆڵندا تێگەیشتن.
مۆزەخانەى گەشتیارى وەرزشى (Muzeum Sportu i Turystyki w Warszawie) یەکێکە لە گرنگترین دامەزراوە ڕۆشنبیرییەکانی پۆڵەندا، کە ئەزمونى مێژووی دەوڵەمەندی وەرزشی وڵاتەکەى تێدا نمایش کراوە، مۆزەخانەکە لە چەندین بەشى جۆراوجۆری تێدا نمایش کراوە، لەوانە مەدالیا و کوپ و کەرەستەی وەرزشوانانی پۆڵەندی، کە وەرزشوانانى وڵاتەکە لە پێشبڕکێیە نێودەوڵەتییە جیاوازەکاندا بەکاریان دەهێنن.