فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر، لە پۆڵندا سەردانی باڵیۆزخانەی عێراق لەو وڵاتە دەکەن
گروپێک لە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر، کە سەرقاڵى تەواوکردنى کۆرسێکى خوێندن لە پۆڵندا، ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (١٦/١/٢٠٢٥) سەردانی باڵیۆزخانەی عێراقیان لە وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا کرد و، لەلایەن دكتۆر محمد الخالقاني بەرپرسی کاروباری کەلتورى و ڕۆشبیرى لە باڵیۆزخانەکە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.
لە دیدارێکدا، کە -ژمارەیەک لە ئەکادیمیستەکان و ستافى باڵیۆزخانەکە بەشدارییان تێدا کرد، گفتوگۆ لەبارەى گرنگی بەرنامەکانی ئاڵوگۆڕی کەلتووری و فێرخوازان کرا، بۆ ئەوەش بەرپرسی کاروباری کەلتورى و ڕۆشبیرى بەوردى باسى لە ڕۆڵیان لە پتەوکردنی پەیوەندییە ئەکادیمییەکانی نێوان زانکۆکانى عێراق و پۆڵەندا بۆ فێرخوازان کرد، هەروەک ستایشى زانکۆی جیهان-هەولێرى کرد، کە یەکێکە لە زانکۆ پێشەنگەکان لە جێبەجێکردنی پرۆگرامی ئاڵوگۆڕی کەلتووری لە ڕێگەى ڕەوانەکردنى گروپى فێرخوازان بۆ پۆڵندا، وتیشى ئەم جۆرە هەنگاوانە بەشدارە لە پەرەپێدانی توانا ئەکادیمییەکانیان و سوودوەرگرتن و فێربوون لە ئەزموونە زانستی و کەلتووریی لە وڵاتان بەتایبەت لە پۆڵندا.
لە بەرانبەردا، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کە پێکهاتبوون لە لە موجتەبا سەباح عبدالحسن لە بەشى (نیوتریشن و دایەتێتیکس) و هاجەر محەمەد عەلى لە بەشى (چارەسەرى سروشتى) دواى ئەوەى سوپاسى ئەو پێشوازى و دیدارەیان کرد، ئینجا جەختیان لەسەر گرنگی بایەخدان بە بوارى زانست کردەوە، وەک پردێک بۆ دروستکردنى پەیوەندی نێوان گەلان، هیواشیان خواست ئاسۆی هاوکاری داهاتووی نێوان زانکۆکانى هەردوو وڵات لە بوارەکانی پەروەردە و توێژینەوەی زانستیدا زیاتر بکرێ بۆ بەهێزکردنی هاوبەشی فەرهەنگی و زانستی نێوان هەردوو وڵات.