فێرخوازانى پزیشکی ددان لە زانکۆى جیهان-هەولێر لە ماڵى بەساڵاچووان چالاکیەکى پزیشکى خۆبەخشى بەڕێوەدەبەن
ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (١٤/١١/٢٠٢٤) فێرخوازانى قۆناغی سێیەمی کۆلێژی پزیشکی ددان لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانى ماڵى بەساڵاچووانیان لە شارى هەولێر کرد و، چالاکیەکى پزیشکى و کۆمەڵایەتى خۆبەخشیان ئەنجامدا.
لە میانەى ئەو چالاکیەدا، کە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ساوێن تەحسین طه)، مامۆستای یاریدەدەر(باهۆز هیمداد مەجید) و، مامۆستای یاریدەدەر(مریەم فاخر ئیبراهیم) بەڕێوەچوو، فێرخوازانى کۆلێژى پزیشکى ددان کۆمەڵێک کەلوپەل و پێداویستى تایبەتیان پێشکەش بە ماڵى بەساڵاچوان کرد و، پشکنینی ددانیان و پشکنینی شەکره و پەستانی خوێنیان بۆ بە ساڵاچووان ئەنجامدان لە بەرانبەردا بەساڵاچووان سوپاسى فێرخوازانیان کرد.
ئامانجی دەستپێشخەرییەکە پشتگیریکردنی بەساڵاچووان بوو لەڕێگەی دابینکردنى پێداویستییە سەرەکیەکان و چارەسەرکردنى لایەنى تەندروستی گشتى و تەندروستى ددانیان بەتایبەت، جگە لەوەش تێکەڵکردنی کارامەیی پیشەیی لەگەڵ بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و، پەروەردەکردنی ڕۆحی خۆبەخشى و هاوسۆزی لەگەڵ چین و توێژە جیاکان.