فێرخوازانى کارگێڕى کار بەشداری هەڵمەتێکی خۆبەخشانە بۆ جوانکردنی باڵەخانەى قوتابخانەى دەکەن
رۆژى شەممە ڕێکەوتى (٨/٢/٢٠٢٥) فێرخوازانی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر بەشدارییان لە هەڵمەتێکی خۆبەخشانە کرد بە ئامانجی باشترکردنی ژینگەی قوتابخانە چیا لە شارى هەولێر.
هەڵەمەتەکەى فێرخوازان، بە سەرپەرشتی پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر هاوکار قاسم بیرداود سەرۆکى بەشى کارگێڕى کار بەناونیشانى هەڵمەتی “ڕەنگەڵە” بەهاوکارى ڕێکخراوی درەختی مەیپڵەوە ڕێکخرابوو، کە تێیدا فێرخواز کاریان لەسەر نەخشاندن و ڕازاندنەوەی دیوارەکانی قوتابخانەی چیای سەرەتایی لە گەڕەکی تەیراوە کرد. لە میانەى هەڵمەتەکەدا فێرخوازان سەرەتا نوسینەکانى سەر دیوارى قوتابخانەکەیان لابرد، پاشان بە کاری هونەری دڵخۆشکەر، قوتابخانەکەیان ڕازاندەوە و ژینگەیەکی ئەرێنیان بۆ پێشوازیکردنى قوتابیانى قوتابخانەکە دروستکرد.
هەڵمەتەکە بووە مایەى خۆشحاڵى ستافى بەڕێوەبەرایەتى قوتابخانەکە و دڵخۆشى قوتابیان، جگە لەوەش بووە دەرفەتێکى گرنگ بۆ بەرزکردنەوەی ڕۆحی داهێنەرانەی خۆبەخشى لەلای فێرخوازان و، جەختکردنەوە لە خزمەتکردنى کۆمەڵگە لە چوارچێوەى بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی.