فێرخوازانى کۆلێژى دەرمانسازى بە سەردانی زانستێکی کۆگای دەرمانی کەوکەب بەسەردەکەنەوە
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (١٧/١١/٢٠٢٥) فێرخوازانى کۆلێژی دەرمانسازی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی زانستییان بۆ کۆگای دەرمانی کەوکەب ئەنجام دا، کە بە یەکێک لە گەورەترین کۆگاکانی دەرمان لە هەرێمی کوردستان دادەنرێت.
سەردانەکە بە سەرپەرشتی دکتۆر محەمەد ڕەشید بەڕێوەچوو. بەگەیشتنیان لەلایەن بەڕێز ئازاد، بەڕێوەبەری کۆگا، پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا، پاشان هاوەڵى فێرخوازانى کرد بۆ بەسەرکردنەوەى بەشە جیاوازەکانى کۆکاگە بەشێوەیەکى مەیدانیی، لەو چوارچێوەیەشدا لە نزیکەوە فێرخوازانى ئاشناى وردەکارییەکانی میکانیزمی وەرگرتنی دەرمانی هاوردەکراو، پشکنین، لێدانی لەزگەی تایبەت بە ژمارەی وەجبەکان (Batch labels) و شێوازی ڕێکخستنی شوێنەکانى کۆگاکردن بەپێی پلەی گەرمی بۆ پاراستنی کوالێتی بەرهەمەکان کران. هاوکات تیشکى خستە سەر ئەو پێوەرە توندانەی پاکوخاوێنی و سەلامەتی کە کۆمپانیاکە پەیڕەوی دەکات، لەگەڵ ڕێکارەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ دەرمانی ماوەبەسەرچوو و بەڵگەنامەکردنیان بە مەبەستی لەناوبردنیان بە شێوەیەکی سەلامەت.
ئەم چالاکییە مەیدانییە دەرفەتێکی گرنگی بۆ فێرخوازان ڕەخساند تاوەکو تێگەیشتنێکی کردەییان هەبێت دەربارەی پڕۆسەکانی کۆگاکردن و دابەشکردن و جێبەجێکردنی کۆنتڕۆڵی جۆری (Quality Control) لە لە ژینگەى کارکردندا، بۆ ئەوەش مامۆستاى سەرپەرشتیار سوپاسى بەڕێوەبەران و ستافى کۆگاکەى کرد بۆ پێشوازیکردن و ئاشناکردنى فێرخوازان بە میکانیزمی کارکردنی ڕۆژانە، بەڕێوەبردنی کۆگا، تۆمارکردنی دەرمانی بەسەرچوو و دیاریکردنی نرخ، کە کۆمەڵە ئەرکێکی بنەڕەتین بۆ مسۆگەرکردنی سەلامەتیی نەخۆش و پابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستییەکان.






