فێرخوازانى کۆلێژى پزیشکى ددان بنکەى تەندروستى ئازادى خێزانى بەسەر دەکەنەوە
وەک بەشێک لە چالاکیە مەیدانیەکانیان، سەرۆکایەتى کۆلێژى پزیشکى ددان لە زانکۆى جیهان-هەولێر، یەکەمین گەشتى زانستى بۆ فێرخوازانى قۆناغى یەکەم ڕێکخست.
لەو چوارچێوەیەدا؛ ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٣/٥/٢٠٢٣) فێرخوازانى قۆناغى یەکەمى کۆلێژى پزیشکى ددان بەسەرپەرشتى (مامۆستاى یاریدەدەر بڵند ئەحمەد) لە شارى هەولێر بنکەى تەندروستى ئازادى خێزانیان لەگەڕەکى ئازادى بەسەرکردەوە.
بنکەى تەندروستى ئازادى خێزانى چەند بەشێکى گرنگى لەخۆگرتوە؛ کە بریتین لە بەشەکانى (ددان، تیشک، سۆنار، کوتان، تاقیگە و نەخۆشیە درێژخایەنەکان)، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەگەیشتنیان لەلایەن دکتۆر ئەحمەد سامى بەڕێوەبەرى بنکەکە و ستافى بنکەى تەندروستى ئازادى خێزانى پێشوازى گەرمیان لێکرا، پاشان بۆ لە نزیکەوە ئاشنابون بەچۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشەکان بەتایبەت ئەوانەى پێویستیان بەچارەسەرى ددان هەیە، فێرخوازان هاوڕێ لەگەڵ ستافى نەخۆشخانەکە بەشى ددانیان بەسەرکردەوە.
وەک پزیشکانى بەشەکە بۆ فێرخوازان باسیان کرد، ڕۆژانە چارەسەرى پێویست بۆ ددانى نزیکەى (٧٥ بۆ ١٠٠) نەخۆش دەکەن، کە بەمەبەستى جیاواز سەردانیان دەکەن، هەر لە میانەى گفتوگۆکانیاندا باسیان لە شێوازى چارەسەرییەکان و هەڵکێشانى ددان و خاوێنکردنەوە و پڕکردنەوە و بڕینى دەمار و چارەسەرییەکانى دیکە کرد.
فێرخوازانى کۆلێژى پزیشکى ددان لە زانکۆى جیهان-هەولێر خۆشحاڵى خۆیان پیشاندا، کە وەک یەکەم ئەزمونى مەیدانى سەردانى ئەو بنکە تەندروستیەیان کرد و، لە نزیکەوە ئاگادارى شێوازى کارکردن و جۆرى نەخۆشى و چارەسەریەکانى ددان بوون.