فێرخوازانى کۆلێژى پزیشکى ددان بەردەوامن لە بڵاوکردنەوەى هۆشیارى پاراستنى تەندروستى دەم ددان
لە بەردەوامى چالاکیەکیانیان و بۆ بڵاوکردنەوەى هۆشیارى تەندروستى، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى (٢٠/٢/٢٠٢٥) فێرخوازانى قۆناغی دووەمی کۆلێژی پزیشکی ددان لە زانکۆى جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتی مامۆستایانى یاریدەدەر ساوێن تەحسین تەها و مریەم فاخیر ئیبراهیم و غفران موسلیم عەقیل سەرداني قوتابخانەی تایبەتی شیاو یان کرد و چالاکیەکیان ئەنجامدا.
لە سەرەتادا، فێرخوازان لەلایەن مامۆستا ڕەفعەت حەسەن بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە پێشوازییان لێکرا، پاشان لە وتەیەکدا بەخێرهاتنى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد و، ستایشی هەوڵەکانییانى کرد بۆ پێشکەشکردنی زانیاری پزیشکی بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش بە قوتابیانى قوتابخانەکەیان، دواتر گروپێک لە فێرخوازان سیمینارێکی زانستیان پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەی شیاوی ئەهلی کرد، لە میانەى سمینارەکەیاندا فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر باس لە گرنگی گرنگیدان بە تەندروستی دەم و ددان و باشترین پراکتیزەکان بۆ پاراستنی ددانەکان کرد. هەر لە میانەى سمینارەکەیاندا فێرخوازانى پزیشکی ددان ڕوونکردنەوەیەکی وردیان لەسەر ئەو خووە تەندروستانە خستەڕوو کە ددانەکان لە خراپبوون و نەخۆشی پووک دەپارێزن، وەک جۆرى فڵچە وهەڵبژاردنی ئەو خۆراکانەی کە سوودیان بۆ تەندروستی دەم و ددان هەیە، هەروەها گرنگی سەردانی پزیشکی ددان بەشێوەیەکى بەردەوام بۆ دەستنیشانکردنی هەر کێشەیەکی تەندروستی، سمینارەکە بە سروشتی کارلێککەری هەبوو، چونکە فێرخوازان شێوازی پەروەردەیی مۆدێرنیان بەکارهێنا، لەوانەش نمایش و مۆدێلی پزیشکی کە یارمەتیدەر بوون لە سادەکردنی زانیارییەکان..
لەکۆتایی سمینارەکەدا قوتابیانى قوتابخانەکە کۆمەڵێک پرسیاریان لەبارەى ڕێگەباشەکان بۆ پاراستنى ددانیان لە فێرخوازان کرد، فێرخوازانیش دواى وەڵامدانەوەى پرسیارەکان کۆمەڵێک بروشورى پەروەردەیی و دیاری ڕەمزی، وەک فڵچە و مەعجونی ددانیان بەسەر قوتابیان دابەشکرد.