فێرخوازانى کۆلێژی پزیشکی ددان بەسەردانێکى زانستى سەنتەری ددانی ڤانێست بەسەردەکەنەوە
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى (٨/١/٢٠٢٦) کۆمەڵێک لە فێرخوازانى قۆناغی دووەمی کۆلێژی پزیشکی ددان سەردانێکی زانستی و پەروەردەیییان بۆ سەنتەری ددانی ڤانێست لە شارى هەولێر ئەنجامدا .
سەردانەکە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر ساوێن تحسین طه و، مامۆستای یاریدەدەر مریەم فاخیر ئیبراهیم ئەنجامدراوە بەگەیشتنیان لەلایەن دکتۆر جێگر دەربەندی لەگەڵ ستافی پزیشکی سەنتەرەکە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، سەردانەکە بە دانیشتنێکی ناساندنى سەنتەرەکە لەلایەن ستافى سەنتەرەکە سەبارەت بە دیدگا و خزمەتگوزارییەکان و پابەندبوونی سەنتەرەکە بە چاودێری ددانی کوالیتی بەرز دەستی پێکرد. دواتر گەشتی ڕێنمایی کراو بۆ چەندین کلینیکی تایبەتمەند ئەنجامدرا، کە تێیدا فێرخوازان ئاشناى شوێنە کلینیکییە ڕاستەقینەکان و پرۆتۆکۆڵەکانی بەڕێوەبردنی کاروبارى چارەسەرخوازان کران.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا فێرخوازان ئاشناى ئامێرە پێشکەوتووەکانی تەکنەلۆژیای ددان کران، لەوانەش ئامێرى (Air polisher)، کە ڕۆڵێکی بەرچاوی لە چاودێری خۆپارێزی و پاککردنەوەی ددان بە شێوازێکی مۆدێرن هەیە. جگە لەوەش لە بەشی تاقیگەیی سەنتەرەکە، ستافى تاقیگەکە تیشکیان خستە سەر تەکنیکە نوێیەکان و ئامێرە پێشکەوتووەکانی تاقیگەیی، کە لە دروستکردنی ددان و نۆژەنکردنەوەی ددان بەکاریدەهێنن، بۆ ئەوەش ڕوونکردنەوەی وردیان لەسەر هەر ڕێکارێک پێشکەش بە فێرخوازان کرد.
هاوکات هەر لە سەنتەرەکەدا سمینارێک بەشێوەیەکى پراکتیکى لەبارەى چۆنیەتی دروستکردنی قاڵبی ددان بە بەکارهێنانی بەرنامەی دیجیتاڵی نوێ و ئامێری پێشکەوتوو پێشکەش بە فێرخوازانى کۆلێژى پزیشکى ددان کرا، جگە لەوەش فێرخوازان لەبارەى کاروبارە کلینیکە جیاوازەکان بەتایبەتی ئەوانەی لە (پڕکردنەوە و پزیشکی ددان و چاککردنەوە) بەکاردەهێنرێن؛ ڕاهێنانیان پێکرا.
لە کۆتاییدا، مامۆستایانى سەرپەرشتیار بەناوى ڕاگرایەتى کۆلێژى پزیشکى ددان سوپاسى ستافى سەنتەری ددانی ڤانێستیان کرد بۆ ڕەخساندنى ئەو دەرفەتە بۆ فێرخوازان و ئاشناکردنیان بە ژینگەى کارکردن و ناسینى ئامێرە تەکنەلۆژییە پێشکەوتووەکان لە بواری پزیشکی ددان و چۆنیەتى سودوەرگرتن و کارکردن لەسەریان.








