فێرخوازانى کۆلێژی پزیشکی ددان و تەکنیکى دروستکردنى ددان بەشدارییان لە مەراسیمی ناساندنی بەرهەمەکانی کۆمپانیای (Aidite) لە هەولێر کرد
ڕۆژى هەینى ڕێکەوتى (٢١/١١/٢٠٢٥)، دوو گروپى جیا لە فێرخوازانى کۆلێژى پزیشکی ددان و بەشى تەکنیکى دروستکردنى ددان لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بەشدارییان لە مەراسیمی (Complete Dental Lab & Chairside Solutions: Aidite Launch Iraq) کرد.
لەو مەراسیمەدا، کە لە هۆتێلی نێودەوڵەتی هەولێر بەڕێوەچوو. فێرخوازانی قۆناغی دووەمى کۆلێژى پزیشکى ددان بە سەرپەرشتیی مامۆستایانی یاریدەدەر (حەسەن فایز عەبدوڵڵا) و (مەریەم فاخر ئیبراهیم) بەشدارییانکرد، لەهەمان کاتدا فێرخوازانى قۆناغى دووەمى بەشى تەکنیکى دروستکردنى ددان بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر شوان خەیام مەعسوم بەشدارییان لەمەراسیمەکەدا کرد.
فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەگەیشتنیان لەلایەن (جێگر دەربەندی) پێشوازییان لێ کرا، پاشان کارنامەى مەراسیمەکە دەستى پێکرد، لەو چوارچێوەیەشدا نوێترین تەکنەلۆژیاکانی تاقیگەی ددان و چارەسەرە دیجیتاڵییە کلینیکییەکان ناساندنیان بۆ کرا، هاکات لە چوارچێوەی بەرنامەى مەراسیمەکەدا زنجیرەیەک سیمیناری جۆراوجۆر لەلایەن پسپۆڕانەوە پێشکەش کران، بۆ ئەو مەبەستەش (میتسوتاکا فۆکوشیما) تەکنیککاری کلینیکیی ددان بابەتێکى بە ناونیشانی “لە سادەییەوە بۆ کامڵبوون: چۆنیەتیی بەدەستهێنانی ئەنجامی مۆنۆلیثیکی نایاب بە سیستمی Biomic” پێشکەش کرد، بۆ ئەوەش باسی لە سیستمی (Biomic) کرد وەک ڕێگەیەکی پێشکەوتوو بۆ بەدەستهێنانی یەکخستن و نۆژەنکردنەوەی ددان بە کوالیتییەکی بەرز. هەروەها هەنگاوەکانی ئاسانکردنی ڕەوتی کارکردنی ڕوون کردەوە بە پاراستنی جوانیی سروشتی، بەهێزی و وردبینی. دانیشتنەکە تیشکی خستە سەر هەڵبژاردنی کەرەستەکان، تەکنیکەکانی ڕەنگکردن و بەدەستهێنانی شەفافییەتێک کە لە ددانی سروشتی بچێت.
هەروەها محەمەد الشریف تەکنیکاری ددان باسى لە هێز و جوانکاری خێرا لەگەڵ (Aidite EZneer & Biomic-LiSi Connect) کرد، بۆ ئەو مەبەستەش تیشکی خستە سەر ئەوەی کە چۆن ئەم ماددانە هەم مانەوە و هەم جوانی دابین دەکەن، لە هەمان کاتدا کاتەکانی بەرهەمهێنانی خێراتر چالاک دەکەن. لە بەشێکى دیکەى مەراسیمەکەدا ئوسامە هیجاوی تەکنیکاری ددان باسی کاری دیجیتاڵی لەگەڵ سیستمی ئایدایت(CAD/CAM) کرد و،ڕوونیکردەوە چۆن گیراوەکانی (CAD/CAM)ی Aidite ڕێکارەکانی تاقیگە ڕێکدەخەن و، هەڵەکان کەم دەکەنەوە و وردبینی باشتر دەکەن.
مەراسیمەکە جگە لەوەى بووە دەرفەتێک بۆ فێرخوازان بۆ ئاشنابوون بە (Complete Dental Lab & Chairside Solutions: Aidite Launch Iraq) ، هاوکات زانیاریی بەنرخیان دەربارەی کەرەستە پێشکەوتووەکان، ڕەوتی کاری دیجیتاڵی و تەکنیکە مۆدێرنەکان بەدەست هێنا. لە کۆتایی بەرنامەکەشدا، بڕوانامەی بەشداریکردن بەخشرا بە سەرجەم ئامادەبووان.







