فێرخوازانى کۆلێژی پزیشکیی ددان گەشتێکی زانستی بۆ سەنتەری نوری پزیشکی ئەنجام دەدەن
ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی (١٣/١/٢٠٢٦)، ڕاگرایەتى کۆلێژی پزیشکیی ددان لە زانکۆى جیهان-هەولێر گەشتێکی زانستی مەیدانی بۆ فێرخوازانی قۆناغی سێیەم بۆ “سەنتەری نوری پزیشکیی ددان” ڕێکخست.
ئەم سەردانە زانستییە بە سەرپەرشتی هەریەک لە مامۆستاى یاریدەدەر (ڕیکا ڕامز عەلی) و مامۆستاى یاریدەدەر (غوفران موسلیم عەقیل) ئەنجامدرا. لە سەرەتای گەشتەکەدا، فێرخوازان لەلایەن (دکتۆرە لارین زانا قادر) پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا، پاشان کورتەیەکی دەربارەی سەنتەرەکە پێشکەش کردن، تێیدا جەختی لە گرنگی ئاوێتەکردنی زانیارییە ئەکادیمییەکان لەگەڵ کاری کلینیکیدا کردەوە، کە ئەمەش بووە هۆی ڕەخساندنی ژینگەیەکی فێربوونی ئەرێنی بۆ فێرخوازان.
لە بەشێکی دیکەی بەرنامە زانستییەکەدا، (دکتۆرە نیگار هەژار)، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پووک، وانەیەکی کورتی دەربارەی بەکارهێنانی “ئۆکسیدی نایترۆس” (گازی پێکەنین) بۆ بێهۆشکردن پێشکەشى فێرخوازان کرد و تیایدا باسى لە (هۆکارەکانی بەکارهێنان، میکانیزمی کارکردن، سوودەکان و ڕێکارەکانی سەلامەتی) لە پزیشکی ددان کرد، کە تێیدا فێرخوازان بە شێوەیەکی کارا بەشدارییان لە گەنگەشەکاندا کرد.
دواتر، لەلایەن ستافی پزیشکیی سەنتەرەکە و بە ئامادەبوونی (دکتۆرە زینە سامان)، گەشتێکی مەیدانی بۆ فێرخوازان ڕێکخرا بۆ ناساندنی بەشە جیاوازەکان و ئامێرە پێشکەوتووەکان، لەوانە: سیستمی بێهۆشکردن بە ئۆکسیدی نایترۆس، پرۆتۆکۆڵ و ئامێرەکانی ستریلکردن و کۆنترۆڵکردنی پەتا، هەروەها ئامێری (CBCT) و ڕۆڵی لە دەستنیشانکردنی ورد و داڕشتنی پلانی چارەسەریدا.







