فێرخوازانی ئامادەیی باتاس چەند بەشێکى زانستى لە زانکۆی جیهان-هەولێر بەسەر دەکەنەوە
بەئامانجى ئاشنابون بەژینگەى خوێندن لە زانکۆ و، چۆنیەتى وانەوتنەوە و میتۆدەکانى خوێندن و، مامەڵەى مامۆستا لەگەڵ فێرخواز، ژمارەیەک لە فێرخوازانى ئامادەیی باتاسى کچان زانکۆى جیهان-هەولێریان وەک زانکۆیەکى پێشەنگ لە هەرێمى کوردستان دەستنیشان کرد بۆ گەشتێکى زانستیان و، لە میانەى گەشتەگەشیاندا چەند بەشێکى زانستى زانکۆیان بەسەرکردەوە.
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتى (20/2/ 2022) پۆلێک لە فێرخوازانی ئامادەیی باتەسی کچانی قەزای هەریر، بەسەرپەرشتی مامۆستا بەناز محەمەد حەمەدئەمین بەڕێوەبەری قوتابخانەکە، سەردانی زانکۆى جیهان-هەولێریان کرد و، لە یەکەم وێستگەى سەردانەکەیاندا بەشی پەروەردەی گشتی زانکۆی جیهان- هەولێر بەسەرکردەوە.
فێرخوازانى باتاس بەگەرمى لەلایەن دکتۆر ئەحمەد عەبدول عەون سەرۆکی بەش و ژمارەیەک، لە مامۆستایانی بەشی پەروەردەی گشتی بە گەرمی پێشوازیان لێکرا، دواى ناساندنى بەشەکە، بەڕێوەبەر و فێرخوازانى باتاس بە یاوەری سەرۆکی بەشى پەروەردەى گشتى ژمارەیەک لە هۆڵەکانى خوێندنیان بەسەرکردە و، بەشداریان لەبەشێک لە وانەکان کرد، کە بەهۆیەوە ئاشناى میتۆدەکانى پڕۆسەی فێرکردن و فێربووندا بوون.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازانى باتاسى کچان سەردانى بەشى یاسایان کرد، دواى پێشوازیکردنیان لەلایەن سەرۆکى بەشى یاسا، بەهەمان شێوە زانیارى تەواویان لەبارەى بەشى یاسا و قۆناخەکانى خوێندن و، میتۆد و زمانەکانى خوێندن و ستافى زانستى بەشەکەیان پێشکەشکرا، دواتر لە یەکێک لە هۆڵەکانى خوێندن بەشدارى وانەیەکى تایبەت بەیاسا بوون، لە کۆتایشدا سەرۆکى بەشى یاسا هانى فێرخوازانیدا لە قۆناخى ئامادەیی نمرە و پلەى بەرز بەدەست بهێنن و ئاستى زانستیان بەرز بکەنەوە، تا لە داهاتودا بتوانن لە بەشى یاسا درێژە بەخوێندن بدەن و، لە داهاتودا بتوانن وەک پارێزەر کار بکەن و، داهاتویەکى باشتریان هەبێ.
لە بەشى کۆتایى سەردانەکەیاندا، فێرخوازانى باتاسى کچان بەهاوڕێیەتى بەڕێوەبەرى قوتابخانەکەیان بەشى ڕاگەیاندنیان بەسەرکردەوە و، لە نزیکەوە بەشەکەیان پێ ناسێندرا، جەخت لەسەر ئەوەش کرایەوە کە ئەمڕۆ میدیا ڕۆڵێکى کاریگەرى لەسەر کۆمەڵگەیە هەیە، بۆیە بەشى ڕاگەیاندن کادیرى ئەکادیمى پێ دەگەێنێ لە داهاتودا ڕاگەیاندن بەشێوەیەکى ئەکادیمى ڕێبەرایەتى کۆمەڵگە بکات.
لە کۆتایدا، فێرخوازانى باتاس خۆشحاڵى خۆیان بەو سەردانە و بەئاستى پێشکەوتویی زانکۆى جیهان-هەولێر و بەشە زانستیەکانیان دەربڕی، لەلاى خۆیەوە مامۆستا بەناز محەمەد حەمەدئەمین بەڕێوەبەری قوتابخانەکە سوپاسى سەرۆکى بەشە زانستیەکان و ستافى زانستى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد بۆ ئەو پێشوازیە و پێدانى زانیارییەکان.