فێرخوازانی بەشى ئەندازیاری تەلارسازی وردەکارییە جێبەجێکارییەکانی پڕۆژەی نەخۆشخانەی جیهان تۆمار دەکەن
ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی (١٠ی شوباتی ٢٠٢٦)، بەشی ئەندازیاری تەلارسازی لە زانکۆی جیهان–هەولێر، سەردانێکی زانستیی مەیدانی بۆ فێرخوازانی قۆناغی سێیەم بۆ پڕۆژەی “نەخۆشخانەی جیهانی زانکۆیی” ڕێکخست.
ئەم سەردانە بە سەرپەرشتی پڕۆفیسۆر دکتۆر (ڕەشید حەمید یاسین)، بەڕێوەچوو، سەرەتا شاندی فێرخوازان لەلایەن ئەندازیار (سالم عەبدوڵا مستەفا)، بەڕێوەبەری نووسینگەی ئەندازیاری نیشتەجێ لە پڕۆژەکەدا، پێشوازییان لێکرا، پاشان ڕوونکردنەوەیەکی وردی دەربارەی پڕۆژەکە لە ڕووی دیزاین و جێبەجێکردنەوە پێشکەش کردن. ئەندازیار سالم باسی لە میکانیزمی گۆڕینی نەخشە تەلارسازییەکان کرد بۆ نەخشەی جێبەجێکاری، جەختی لەسەر گرنگیی وردی لە وردەکارییەکان و هەماهەنگی نێوان پسپۆڕییە جیاوازەکان (تەلارسازی، بیناسازی، کارەبا و میکانیک) کردەوە بۆ سەرکەوتنی هەر پڕۆژەیەکی گەورە.
لە میانی گەشتە مەیدانییەکەدا، فێرخوازان ئاشنای قۆناغەکانی جێبەجێکردن بوون، لەوانە: بنەماکانی ڕەفت (Raft Foundation)، دیوارە پاڵپشتەکان، سیستمی عەزل و دواتر هەیکەلی بیناکە. هەروەها ڕوونکردنەوەی تەکنیکییان لەسەر سیستمی بەرزکەرەوەکان (ئەسانسۆر)، سیستمی بەرگری لە ئاگر، سیستمی ساردکردنەوە و گەرمکردنەوە (HVAC) و سیستمە کارەبایی و تەندروستییەکان وەرگرت.
فێرخوازان بەشەکانی فریاکەوتنی خێرا، کلینیکە دەرەکییەکان، چاودێری ورد (ICU) و هۆڵەکانی نەشتەرگەرییان بەسەرکردەوە.







