فێرخوازانی بەشى ئەندازیاری تەلارسازی پرۆسەی دروستکردنی مۆدێلە تەلارسازییەکان لە کۆمپانیای (Empire Mena) بەسەر دەکەنەوە
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (٢٥ی شوباتی ٢٠٢٦)، سەرۆکایەتى بەشی ئەندازیاری تەلارسازی لە زانکۆی جیهان–هەولێر، سەردانێکی زانستیی مەیدانییان بۆ فێرخوازانی قۆناغی دووەم بۆ ناو کۆمپانیای (Empire Mena) ڕێکخست.
ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی یاریدەدەری تاقیگە (جەنائن ڕەشید عەبدولکەریم) ئەنجامدرا. شاندی فێرخوازان سەرەتا لەلایەن (قوسەی ئەحمەد قەولی) خاوەنی کۆمپانیا پێشوازییان لێکرا، لە وتەیەکدادواى بەخێرهێنانى فێرخوازان ئینجا ڕوونکردنەوەی تێروتەسەلی دەربارەی سروشتی کاری کۆمپانیاکە و ڕۆڵی لە جێبەجێکردنی دیزاینە تەلارسازییەکان بە بەکارهێنانی ئامێرە پێشکەوتووەکان پێشکەش بەفێرخوازان کرد.
هەر لە میانەی سەردان و بەسەرکردنەوەى بەشەکانى کۆمپانیاکەدا، قوسەی ئەحمەد قەولی شێوازی گۆڕینی بیرۆکە و نەخشە دیجیتاڵییەکانی بۆ مۆدێلی بەرجەستە (Physical Models) بۆ فێرخوازان شیکردەوە، کە لە قۆناغی بڕین و شێوەپێدانەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە قۆناغی کۆکردنەوە و بەرهەمهێنانی کۆتایی. دواتریش دەرفەتى بە فێرخوازاندا بەشە جیاوازەکانی کارگەی کۆمپانیاکەیان بەسەربکەنەوە و، لە نزیکەوە ئاشنای جۆرى ئامێرەکان لە دروستکردنی مۆدێلەکاندا بن. لەو چوارچێوەیەشدا باسى لە تایبەتمەندییە فیزیاییەکانی ئەو کەرەستانە کرد، کە لە مۆدێلسازیدا بەکاردێن و پێوەرەکانی هەڵبژاردنی ماددەی گونجاو بەپێی جۆری دیزاین بۆ فێرخوازانى ئامادەبوو ڕوونکردەوە.
هاوکات جەختکردنەوە لەسەر وردبینی، ڕێکخستن و کۆنتڕۆڵی جۆری لە کاتی جێبەجێکردندا تەوەری سەرەکیی باسەکان بوو، جگە لەوەش ڕێکارەکانی سەلامەتی لە ناو تاقیگە و کارگەکاندا بۆ فێرخوازان شیکرانەوە.







