فێرخوازانی بەشى ئەندازیاریی دیزاینی ناوخۆ بە سەردانێکی زانستیی پیشانگەی کۆتان بەسەردەکەنەوە
ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (٢٥/١/٢٠٢٦)، کۆمەڵێک لە فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی ئەندازیاریی دیزاینی ناوخۆ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی زانستیی مەیدانییان بۆ پێشانگای کۆتان (KOTAN Showroom) ئەنجام دا.
ئەم سەردانە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (لانا شەهاب ئەحمەد) ڕێکخرا و، لەلایەن (هیوا عەبدوڵا سەعید) بەڕێوەبەری پیشانگەی کۆتان پێشوازییان لێکرا، بۆ ئەوەش ڕوونکردنەوەی تێروتەسەلی دەربارەی بەشە سەرەکییەکانی ژینگەی کار لە ناو پیشانگەکەدا پێشکەش بە فێرخوازان کرد، لەوانە: ئۆفیسەکان، هۆڵەکانی کۆبوونەوە، ڕێڕەوەکانی هاتوچۆ و فەزا خزمەتگوزارییەکان.
هەر لە میانی سەردانەکەدا، هیوا عەبدوڵا باسی لە چۆنیەتی دیزاینکردنی فەزا وەزیفییەکان کرد بەپێی پێویستییەکانی بەکارهێنان. هەروەها تیشکی خستە سەر ئەو چارەسەرە ناوخۆییانەی کە پەیڕەو دەکرێن، وەک: ڕێکخستنی فەزاکان، دابەشکردنی کەلوپەل و مۆبیلیات، سیستمەکانی ڕووناکی، هەڵبژاردنی کەرەستەکان و چارەسەرە دەنگییەکان (Acoustics) لە ژینگەی کارە پیشەیییەکاندا.
بەڕێوەبەری پیشانگەی کۆتان گرنگیی دیزاینکردنی ژینگەی کاری بۆ فێرخوازانی ئەندازیاریی دیزاینی ناوخۆ ڕوون کردەوە و باسی لە ڕۆڵی دیزاینی باش کرد لە زیادکردنی بەرهەمهێنان، باشترکردنی پەیوەندییەکان، دابینکردنی ئاسوودەیی و بەرزکردنەوەی کوالیتی ئەزموونی بەکارهێنەر.







