فێرخوازانی بەشى بایۆمیدیکاڵ لە پارکی پێشمەرگە کەمپینێکی هۆشیارییان بۆ “خۆراکی تەندروست لە ڕەمەزاندا” بەڕێوەبرد
گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (١٧ی شوباتی ٢٠٢٦)، هەڵمەتێکی هۆشیاریی تەندروستییان بە بۆنەی نزیکبوونەوەی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز لە پارکی پێشمەرگە ئەنجامدا.
ئەم هەڵمەتە بە سەرپەرشتی سەرۆکایەتی بەش بەڕێوەچوو، لە میانی کەمپینەکەدا، فێرخوازانی زانکۆ برۆشوور و بڵاوکراوەی زانستییان بەسەر خێزان و سەردانیکەرانی پارکەکەدا دابەش کرد، کە چەندین ڕێنمایی پراکتیکیی بۆ پاراستنی باری تەندروستی لە مانگی ڕەمەزاندا لەخۆ گرتبوو. هاوکات تیشک خرایە سەر گرنگیی پلاندانانی دروست بۆ ژەمەکانی پاشێو و بەربانگ بە مەبەستی پاراستنی ئاستی وزەی جەستە لە کاتژمێرەکانی ڕۆژوودا، هەروەها ڕوونکردنەوەی پێویست درا دەربارەی جۆری ئەو خۆراکانەی کە یارمەتیدەرن لە پشتگیریکردنی تەندروستی گشتی و کەمکردنەوەی هەستی تینوێتی و ماندووبوون.
ئەم چالاکییە کارلێکێکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ هاوڵاتیان، بەتایبەت ژنان و منداڵان، بەدوای خۆیدا هێنا، کە تێیدا فێرخوازان وەڵامی پرسیارەکانی ئامادەبووانیان دەربارەی هاوسەنگیی توخمە خۆراکییەکان دایەوە و جەختیان لەوە کردەوە کە ڕۆژووی تەندروست لەسەر بنەمای میانڕەوی لە بڕی خواردن و جۆراوجۆریی پێکهاتەکان بونیاد دەنرێت.







