فێرخوازانی بەشى بایۆمیدیکاڵ پاڵپشتیی مەعنەوی دەگەیەننە منداڵانی نەخۆشخانەی نانەکەلی
لە هەنگاوێکی مرۆیی و ئەخلاقیدا، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی (١٩ی شوباتی ٢٠٢٦)، سەردانێکی مەیدانییان بۆ نەخۆشخانەی نانەکەلی بۆ نەخۆشییەکانی خوێن و شێرپەنجە ئەنجامدا.
ئەم چالاکییە کە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (هێرۆ ئیسماعیل محەمەد) بەڕێوەچوو، لە کاتی گەیشتنیاندا، شاندی زانکۆ لەلایەن (کرمانج محەمەد عومەر) بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانە پێشوازییان لێکرا. پاشان فێرخوازان بەشە جیاوازەکانی نەخۆشخانەکەیان بەسەرکردەوە، لەوانە: هۆڵەکانی مانەوەی منداڵان، تاقیگەکان و یەکەی وەرگرتنی خوێن، کە تێیدا لە نزیکەوە لەگەڵ منداڵە نەخۆشەکان و کادرانی پزیشکی کۆبوونەوە. دواتریش فێرخوازانی زانکۆ چەندین دیارییان بەسەر منداڵاندا دابەش کرد و بە ڕوحێکی مرۆیی و هاندەرەوە گفتوگۆیان لەگەڵ کردن، بە مەبەستی گەیاندنی دڵنیایی و گەڕانەوەى خەندە بۆ سەر لێوی منداڵەکان و بەرزکردنەوەی ورەیان لە کاتی وەرگرتنی چارەسەرە قورسەکاندا.
بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی نانەکەلی دەستخۆشی لەم دەستپێشخەرییەی فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر کرد و ڕۆڵی ئەرێنی ئەوانی لە پێشکەشکردنی پاڵپشتی دەروونی بۆ منداڵان بەرز نرخاند. هاوکات، کەسوکاری منداڵە تووشبووەکان سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی فێرخوازانی بەشەکە کرد بۆ ئەم ئاوڕدانەوە مرۆییە کە کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر باری دەروونی نەخۆش و خێزانەکانیان دروست کرد.







